کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

چاوەدێری مافی مرۆڤ: ڕێژیمی ئێران بێ ڕەحمانە خەڵک سەرکوت و ئێعدام دەکات

16:59 - 22 بەفرانبار 2722

چاوەدێری مافی مرۆڤ لە ڕاپۆرتی ساڵانەی خۆیدا سەبارەت بە بێ ڕەحمیی ڕێژیمی ئێران لە سەرکوتی خەڵکی خۆپیشاندەر و دەرکردنی سزای ئێعدام لە دادگای نادادپەروەرانەدا نیگەرانیی خۆی دەربڕیوە.

ڕۆژی پێنجشەممە ٢٢ی بەفرانبار، ڕێکخراوی چاوەدێری مافی مرۆڤ لە ڕاپۆرتی ساڵانەی خۆیدا سەرەڕای ڕەخنە لە سەرکوتەکانی ڕێژیمی ئێران نووسیویەتی کە دادگاکانی ئێران لە لپێچینەوەکانیان کە مەودایەکی زۆری لەگەڵ پێوەرە نێونەتەوەییەکان هەیە، حوکمی لەسێدارەدان دەر دەکەن.

ئەو ڕێکخراوە مافە مرۆییە بە بانگکردن و لێپێچینەوەی دەیان هونەرمەند، وەرزشوان و دەیان کەسایەتیی ناسراو بە هۆکاری پشتیوانی لە ڕاپەڕینی خەڵک و هەروەها دەسبەسەرکردنی سەدان چالاکی مافی مرۆڤ، خوێندکاران، چالاکی مافی ژنان و ڕۆژنامەوان ئاماژەی کردووە و نووسیویەتی کە دەیان کەس لە داکۆکیکارانی مافی مرۆڤ هەروا لە پشت میلەکانی زینداندان.

لەو ڕاپۆرتەدا سەرەڕای پێشێلکارییەکان لە سەرکوتی خۆپیشاندانی بێ وێنەی گەلانی ئێران، لەمەڕ ئازادیی ڕادەربڕین، مافی ژنان، منداڵان و کەمینەکان و کۆچبەران نیگەرانی دەربڕاوە.

هەروەها لەو ڕاپۆرتەی چاوەدێری مافی مرۆڤ باس لە تەقەکردن لە خەڵک، ئەشکەنجەی دەسبەسەرکراوان، سەرکوتی خوێندکاران، پچڕانی ئینتێرنێت و دۆخی ژنان کراوە و بە وردی پێشێلکارییەکانی ڕێژیمی ئێران شی کراوەتەوە.