کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

چارەنووسی دوو هاووڵاتیی خەڵکی سنە و قوروە ناڕوونە

11:08 - 24 بەفرانبار 2722

"ئەنوەر عەلی‌پەناهی" چالاکی مەدەنیی خەڵکی قوروە و "فەرهاد مەلەکی" خەڵکی گوندی "تەنگیسەر"ی شاری سنە، پاش دەسبەسەرکرانیان لەلایەن هێزەکانی ڕێژیمەوە، چارەنووسیان ناڕوونە.

بەپێی ڕاپۆرتی "کوردپا"، لە ماوەی چەند ڕۆژی ڕابردوودا چالاکێکی مەدەنی خەڵکی قوروە بە ناوی "ئەنوەر عەلی‌پەناهی" لە شوێنی کارەکەی لەلایەن هێزەکانی ڕێژیمەوە بەبێ بوونی هیچ بەڵگەیەکی قەزایی دەسبەسەر کراوە و بۆ شوێنێکی نادیار گوازراوەتەوە.

"ئەنوەر عەلی‌پەناهی" لە ماوەی چەند مانگی ڕابردوودا سێ جار لەلایەن هێزەکانی ڕێژیمەوە دەسبەسەر کرابوو کە بە دانانی بارمتە و بە شێوەی کاتی ئازاد کرابوو.

 لەلایەکی دیکەوە لە ماوەی چەند ڕۆژی ڕابردوودا هاووڵاتییەکی دیکە بە ناوی" فەرهاد مەلەکی" خەڵکی گوندی "تەنگیسەر"ی سەر بە شاری سنە و دانیشتووی شاری مەریوان، لە شوێنی کارەکەی لەلایەن هێزەکانی ڕێژیمەوە دەسبەسەر کراوە و بۆ شوێنێکی نادیار گوازراوەتەوە.

جێگەی ئاماژەیە کە پاش ئەوەیکە فەرهاد مەلەکی لەلایەن هێزەکانی ڕێژیمەوە دەسبەسەر کرا، هێزەکانی ڕێژیم لە شاری مەریوان هەڵیانکوتایە سەر ماڵی باوکی ناوبراو و دەستیان بەسەر مۆبایلی هەموو ئەندامانی بنەماڵەی "فەرهاد"دا گرت.

هەتا کاتی ئامادەکردنی ئەم هەواڵە هیچ زانیارییەک لەسەر ئەو تۆمەتانەی کە خراونەتە پاڵ ناوبراوان و شوێنی ڕاگیرانیان لەبەر دەستدا نییە و چارەنووسیان ناڕوونە.