کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

چوار هاووڵاتیی بەندکراوی کورد بۆ بەلووچستان دوور خرانەوە

16:09 - 25 بەفرانبار 2722

چوارهاووڵاتی کوردی خەڵکی شاری بۆکان کە ساڵی ١٣٩٨ی هەتاوی بە تۆمەتی هاوکاریکردن لەگەڵ یەکێک لە حیزبە کوردییەکانی دژبەری ڕێژیم دەسبەسەر کرابوون، بۆ شاری ئێرانشەهر لە بەلووچستان دوور خرانەوە.

بەپێی ڕاپۆرتی هەواڵدەریی کوردپا، ئێوارەی ڕۆژی هەینی ٢٣ی بەفرانبار، چوار هاووڵاتیی کورد بە ناوەکانی "مەنسوور شاربان"، "ئەژدەر (هەژار) عەباسی"، "هیوا قوربانی ئەقدەم" و "محەممەد ئەلیاسی" خەڵکی بۆکان کە لەلایەن لقی یەکی دادگای ئینقلابی مەهابادەوە حوکمی تەبعیدیان بەسەردا سەپێندرابوو، بۆ شاری ئێرانشەهر سەر بە پارێزگای سیستان و بەلووچستان دوور خرانەوە.

بەپێی بریاری دادگای ڕێژیم لە مەهاباد، "مەنسوور شاربان'' خەڵکی برایم ئاباد و ''ئەژدەر عەباسی" خەڵکی گوندی ''گۆگجەلی'' بۆ ماوەی ٥ ساڵ و "هیوا قوربانی ئەقدەم و محەممەد ئەلیاسی" خەڵکی ئاوایی ''قەرەگۆل'' سەر بە شاری بۆکان بۆ ماوەی ٣ ساڵ دوورخرانەوە بۆ ئێرانشەهر، حوکم دراون.

ئەو چوار هاووڵاتییە ڕێکەوتی ٢٠ی ڕێبەندانی ساڵی ١٣٩٨ی هەتاوی لە زیندانی مەهاباد بۆ بۆکان ڕاگوێزران و بە دانانی بارمتە بە شێوەی کاتی ئازاد کرابوون.