کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

لە وڵاتی ئوتریش خۆپیشاندانێک دژی ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران بەڕێوە چوو

10:00 - 26 بەفرانبار 2722

لەلایەن چەند ڕێکخراوێکی وڵاتی ئوتریش و هەروەها چەند ڕێکخراوێکی کوردستانی، بە مەبستی پاڵپشتیکردن لە ڕاپەڕینی گەلانی ئێران، خۆپیشاندانێک لەو وڵاتە بەڕێوە چوو.

ڕۆژی شەممە ڕێکەوتی ٢٤ی بەفرانباری ١٤٠١ی هەتاوی، خۆپیشاندانێک لەلایەن چەند ڕێکخراوێکی ئوتریشی و کوردستانییەوە بە مەبەستی ڕاکێشانی پاڵپشتی و پشتیوانیی ڕێکخراوە ئوتریشییەکان بۆ خۆپیشاندان و ناڕەزایەتییەکانی ناوخۆی ئێران و هەوڵدان بۆ هەرچی زیاتر تەریککردنەوەی کۆماری ئێسلامی لەناو کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و هەوڵ بۆ ناساندنی سپای پاسداران وەک ڕێکخراوێکی تێرۆریستی، بەڕێوە چوو.

 لەو خۆپیشاندانەدا نزیک بە ٤٠٠ کەس لە  هاووڵاتییانی ئوتریشی، ئێرانییەکانی دانیشتووی وڵاتی ئوتریش و کوردەکانی بەشەکانی دیکەی کوردستان بەشدار بوون، کە چەند ئەندامێکی پارلمانی ئوتریش و ئەندامانی حیزبە ئوتریشییەکان وتاریان پێشکەش کرد.

ئەوان لە وتارەکانیاندا باسیان لەوە کرد کە تا ئێستا ١٣٨ کەس لە پارلمانتارانی ئوتریش وەکالەتی زیندانییانی سیاسییان لە ئێران وە ئەستۆ گرتووە و بۆ خۆشیان بۆ گەییشتن بە چەند مەبەستێک وەک ناساندنی سپای پاسداران وەک ڕێکخراوێکی تێرۆریستی، دۆزینەوەی بانک و شیرکەتەکانی پێوەندیدار بە سەرچاوەکانی داهاتی سپای پاسداران و دەستوپێوەندییەکانی کۆماری ئیسلامی لە وڵاتی ئوتریش و دەستبەسەرداگرتنی داراییەکانیان، داخستنی باڵوێزخانەکانی کۆماری ئیسلامی و وەدەرنانی کارمەندانەکانیان لە ئوتریش و گەڕاندنەوەی باڵوێزی وڵاتی ئوتریش لە ئێران بێ وچان لە هەوڵدان و لەو پێناوەدا نامەیان ئاراستەی سەرۆکوەزیران، وەزارەتی  ناوخۆ و دەرەوە و دارایی ئوتریش کردووە و بەدواداچوون بۆ وڵامی نامەکانیان دەکەن.

بە گشتی ئەو کەسانەی لە خۆپیشاندانەکەدا وتاریان پێشکەش کرد بریتی بوون لە: "هلمووت بڕاندشتەتەر پارلمانتاری وڵاتی ئوتریش لەلایەن حیزبی نیئۆس، گیئۆرگ بیورستمایەر پارلمانتاری وڵاتی ئوتریش لەلایەن حیزبی سەوزەکانەوە، مارینا هانکە بەرپرسی ژنانی حیزبی سوسیال دێموکرات لە شاری ڤییەن و ئەندامی ئەنجوومەنی شار و شارداری، دوکتور هاراڵد ترۆخ پارلمانتاری پارلمانی ئوتریش و وتەبێژی بەشی مافی مرۆڤی حیزبی سوسیال دێموکرات، برنهارد ویندیش ئەندامی سەندیکای کرێکارانی فراکسیۆنی حیزبی سوسیالدیموکرات، خاتوو ئاوا فەرەجیپوور جێگری سەرۆکی شاری ڤییەن، خاتوو شوهرە هاشمی چالاکی تۆڕی کۆمەڵایەتیی تویتێر، خاتوو شیوا لە گنیراسیۆن تسێت، دوکتور حەسەن نایب هاشمی چالاکی مافی مرۆڤ لە وڵاتی ئوتریش  و محەممەد فەقێ‌عەلی، بەرپرسی بەشی پێوەندییەکانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە وڵاتی ئوتریش."

هەروەها کۆمیتەی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە ئوتریش و ڕێکخراوی کوردە یارسانییەکانی ئوتریشیش لە ڕێکخستن و بەڕێوەبردنی خۆپیشاندانەکەدا دەور و نەخشی گرینگیان هەبوو.