کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

مامۆستا "یونس نەوخا" بە زیندان و دانانی هەمیشەیی جلوبەرگی مامۆستایەتی حوکم درا

18:28 - 27 بەفرانبار 2722

مامۆستا مەلا "یونس نەوخا" لە مامۆستایانی قوتابخانەی زانستی ئایینیی "سەلاحەدینی ئەیوبیـ"ـی پیرانشار لەلایەن لقی ٦ی دادگای تایبەتی ڕووحانییەتی تەورێز بە زیندان و دانانی هەمیشەیی جلوبەرگی مامۆستایەتی حوکم درا.

بەپێی ڕاپۆرتی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی کوردپا، ڕۆژی ٢٦ی بەرفرانبار، مامۆستا یونس نەوخا، لە مامۆستایانی قوتابخانەی زانستی ئایینیی سەلاحەدینی ئەیوبیی پیرانشار بە تۆمەتگەلی "پڕوپاگەندا دژی ڕێژیم، بێڕێزیکردن بە پیرۆزییەکان و بە خومەینی"، ٥٨ مانگ و ١٥ ڕۆژ زیندان و هەروەها بە دانانی جلوبەرگی مامۆستایەتی بۆ هەمیشە، حوکم درا.

مەلا یونس نەوخا ڕێکەوتی ١٦ی پووشپەڕی ١٤٠١ی هەتاوی، لەلایەن هێزەکانی ڕێژیمی ئێران دەسبەسەر کرا و بۆ لێپێچینەوە ڕەوانەی گرتنگەی ئیدارەی ئیتڵاعاتی ڕێژیم لە ورمێ کرا و دواتر بۆ زیندانی ناوەندیی ئەو شارە گوازرایەوە و ڕێکەوتی ٣ی گەلاوێژ بە دانانی بارمتە بە شێوی کاتی هەتا دادگاییەکەی ئازاد کرابوو.

لە ڕۆژانی ٢١ هەتا ٢٣ی پووشپەڕ، مامۆستایانی ئایینیی پیرانشار لە بەردەم ناوەندی گەورەی ئیسلامیی ئەو شارە بۆ پشتیوانی لە مەلا یونس ناڕەزایەتییان دەربڕی.