کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

خالید عەزیزی لە پارلمانی بریتانیا: پرۆژەی ئێرانی یەکنەتەوە شکستی هێناوە و ئێرانی نوێ لەسەر بنەمای فرەنەتەوەیی ساز دەبێتەوە

10:55 - 28 بەفرانبار 2722

لە پارلمانی بریتانیا کۆبوونەوەیەک بۆ هەر یەک لە بەڕێزان "خالید عەزیزی" وتەبێژی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران و خاتوو "میری گلیندۆن" ئەندام پارلمانی بریتانیا سەبارەت بە ڕاپەڕینی گەلانی ئێران کە بە شۆڕشی ژینا ناسراوە، بەڕێوە چوو.

ڕۆژی سێشەممە ٢٧ی بەفرانباری ١٤٠١ی هەتاوی لە پارلمانی بریتانیا کۆبوونەوەیەک لەسەر خۆپیشاندانەکانی ئێران و کوردستان کە بە شۆڕشی ژینا ناسراوە بۆ کاک "خالید عەزیزی" وتەبێژی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران و خاتوو "میری گلیندون" ئەندام پارلمانی بریتانیا لەسەر لیستی پارتی کرێکاران پێک هات .

لە سەرەتای کۆبوونەوەکە "ڕزگار ئالانی" نوێنەری حیزبی دێموکرات لە بریتانیا وێڕای بەخێرهاتنی کاک "خالید عەزیزی" سپاسی "میری گلیندونـ"ـی کرد بۆ ئەو میواندارییە و پاشان "گاری کینت" ئەندامی گرووپی "ئەی پی جی" تۆێژەر لە پرسی کورد چەند وتەیەکی لەسەر پرسی کورد پێشکەش كرد.

دواتر "میری گلیندون" كه ڕێكخەری ئەم پانیلە بوو پاش ئاماژەدان بە سەرهەڵدانەکانی ئەم دوایییانەی ئێران و دەورونەخشی سەرەکیی گەلی کورد بەتایبەتی حیزبی دێموکرات لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان، لەم پێوەندییەدا داوای لە بەڕێز "خالید عەزیزی" کرد کە شیکاری زیاتر لەو پێوەندییەدا بکات.

"خالید عەزیزی" باسێکی تێروتەسەلی لە پێوەندی لەگەڵ ڕووداوەکانی ئەم دواییانەی ئێران و کوردستان و هەروا دەورونەخشی حیزبی دێموکرات بۆ لەیەک نزیک کردنەوەی هیزە ئازادیخوازە ئێرانییەکان پێشكەش کرد و داوای لە پارلمانی بریتانیا و دەوڵەتی بریتانیا کرد کە هاوکار بن بۆ پێکهێنان و هاتنە سەر کاری دەسەڵاتێکی دێموکرات و ئازادیخواز لە ئێران.

"عەزیزی" لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا وتی: چیدیکە ئێرانی ئەمڕۆ ئێرانی چەند دەیەی پێش نییە و گەلانی دیکەی ئێرانیش ئەو گەلانەی ڕابردوو نین و هەموو ئورووپا و کۆمەڵگەی جیهانی دەبێ ئەوە بزانن کە ئێران وڵاتێكی فرە نەتەوەیە.

شایانی باسە کە زۆرێک لە کوردەکانی هەموو پارچەکانی دیکەی کوردستان و هەموو نەتەوەکانی دیکەی ئێران، بەشداری ئەم کۆبوونەوەیە بوون.