کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کوردپا: بنەماڵەی هەستی حوسێن‌پەناهی، بە بڕیاری ئیدارەی ئیتلاعاتی ڕێژیم گوازراونەتەوە بۆ خانووە سازمانییەکان

09:50 - 29 بەفرانبار 2722

بنەماڵەی "هەستی حوسێن‌پەناهی" قوتابیی ناڕازایی خەڵکی دێولان کە پاش هێرشی هێزەکانی ڕێژیم چووبووە حاڵەتی "کۆما"وە و پزیشکەکان لە وەهۆش هاتنەوەی بێ‌هیوا ببوون، بە بڕیاری ئیدارەی ئیتلاعاتی ڕێژیم گوازراوەتەوە بۆ خانووە سازمانییەکانی ڕێژیم لە شاری سنە.

هەستی حوسێن پەناهی، قوتابیی تەمەن ١٦ ساڵ و خەڵکی گوندی "قوڕووچا"ی دێولان کە لە ڕەوتی خرۆشانی خەڵکی کوردستان لەلایەن هێزەکانی ڕێژیمەوە بە باتووم لەسەری درابوو و تووشی جەڵتەی مێشک ببوو، لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا بەهۆی بێ‌هیوابوونی پزیشکەکان لە وەهۆش هاتنەوەی "هەستی" لە نەخۆشخانەی کەوسەری سنە ڕاگوازراوەتەوە بۆ ماڵەکەی خۆیان لە گوندی قوڕووچای دێولان، بەڵام بە بڕیاری ئیدارەی ئیتلاعاتی ڕێژیم لە گوندەکەی خۆشیانەوە گواستوویانەتەوە بۆ خانووە سازمانییەکانی ڕێژیم لە شاری سنە.

جینایەتەکانی ڕێژیمی ئێران تا ئەو ئاستە گەییشتووە کە تەنانەت ڕەحم بە منداڵانی کوردستانیش ناکات و بە هەموو شێوەیەک ڕووبەڕووی خەڵکی کوردستان دەبێتەوە.

هەستی حوسێن‌پەناهی کە لە کاتی شۆڕشی ژینادا لە دێولان بۆ ناڕەزایەتی دەربڕین هاتبووە سەر شەقام، کەوتە بۆسەی هێزەکانی ڕێژیمەوە و هێندە بە باتووم لە سەریان دابوو کە لە ئێستادا ژیانی لە مەترسیدایە و ئەو مێرمنداڵە پاش تێپەڕینی دوو مانگ لە کۆمادایە و هێزەکانی ڕێژیم گوشارێکی زۆریان خستووەتە سەر بنەماڵەکەی و پێیانیان ڕاگەیاندووە کە نابێ بە هیچ شێوەیەک هیچ کەسێک چاوپێکەوتنی لەگەڵ هەستی هەبێت.