کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

هاووڵاتییەکی تری خەڵکی سنە لەلایەن هێزەکانی ڕێژیمەوە دەسبەسەر کرا

10:59 - 29 بەفرانبار 2722

"فائیزە مودەڕس گورجی" بەهۆی بەشداربوون لە ڕێوڕەسمی یادکردنەوەی قوربانییانی فڕۆکە ئۆکراینییەکە، لەلایەن هێزەکانی ڕێژیمەوە لەو شارە دەسبەسەر کرا.

ڕۆژی چوارشەممە ٢٨ی بەفرانباری ١٤٠١ی هەتاوی، هاووڵاتییەکی خەڵکی سنە بە ناوی "فائیزە مودەڕس گورجی" پاش ئەوەیکە ڕۆشتبووە ئیدارەی پولیسی ئەو شارە بۆ وەرگرتنەوەی پلاکی ماشینەکەی کە لە ڕێوڕەسمی سێهەمین ساڵڕۆژی قوربانییانی فڕۆکە ئۆکراینییەکە لە بەهەشتی محەممەدیی شاری سنە لەلایەن هێزەکانی ڕێژیمەوە دەستی بەسەردا گیرابوو، لەلایەن هێزەکانی ڕێژیمەوە دەسبەسەر کرا و بۆ شوێنێکی نادیار گوازراوەتەوە.

"ژینا مودەڕس گورجی" چالاکی مافەکانی ژنان و کچی "فائیزە مودەڕس گورجی"، لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی تویتێر، سەرەڕای پشتڕاستکردنەوەی هەواڵی دەسبەسەرکرانی دایکی نووسی: "هۆکاری دەسبەسەرکرانی دایکم تەنیا ئەوەیە کە لە سێهەمین ساڵڕۆژی قوربانییانی فڕۆکە ئۆکراینییەکە کە لەلایەن سپای پاسدارانەوە گیانیان لەدەست دا، لە بەهەشتی محەممەدیی شاری سنە ئامادە بووە و گوڵی وەکوو ڕێز و وەفایەک لەسەر گڵکۆی ئایدا فەرزانە و ئاروین مورەتەب داناوە."

فائیزە مودەڕس گورجی کە ١٨ی بەفرانباری ئەمساڵ ویستبووی وەک ڕێز و وەفایەک لەسەر گڵکۆی قوربانییانی فڕۆکە ئۆکراینییەکە لە شاری سنە گوڵ دابنێت، لەلایەن هێزەکانی ڕێژیمەوە پلاکی ماشینەکەی لێ کرایەوە و پاش ئەوەیکە بە مەبەستی وەرگرتنەوەی پلاکی ماشینەکەی سەردانی ئیدارەی پۆلیسی کرد، لەلایەن هێزەکانی ڕێژیمەوە دەسبەسەر کرا.