کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

سەپاندنی سزای ٤٤ مانگ بەندکردن بەسەر هاووڵاتییەکی خەڵکی بۆکاندا

18:15 - 29 بەفرانبار 2722

جەلال ئەمینی هاووڵاتیی خەڵکی بۆکان کە هاوینی ئەمساڵ لەلایەن ڕێژیمی ئێرانەوە دەسبەسەر کرابوو، سزای ٣ ساڵ و ٨ مانگ بەندکرانی بەسەردا سەپێندرا.

ڕۆژی پێنجشەممە ٢٩ی بەفرانباری ١٤٠١ی هەتاوی، بەپێی هەواڵی ناوەندی مافی مرۆڤ بۆ ڕۆژهەڵاتی کوردستان "چاونیوز"، جەلال ئەمینی خەڵکی شاری بۆکان، لەلایەن لقی ١٠٢ی دادگای ئینقلابی کۆماری ئیسلامییەوە لەو شارە، بە تۆمەتی "ئەندامبوون لە یەکێک لە حیزبە کوردستانییەکانی دژبەری ڕێژیمی ئێران" سزای ٣ ساڵ و ٨ مانگ بەندکردنی بەسەردا سەپاوە.

ناوبراو لە ماوەی دەسبەسەربوونیدا، لە کاتی لێپرسینەوەکانیدا لەلایەن ناوەندە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیمەوە لە مافە سەرەتاییەکانی وەک دەستپێڕاگەیشتن بە پارێزەر بێبەش کراوە.

جەلال ئەمینی هاوسەری "عەزیمە ناسری" بەندکراوی سیاسیی پێشوویە و لە ماوەی ساڵانی ڕابردوودا چەندین جار لەلایەن ناوەند و هێزەکانی ڕێژیمەوە لێپرسینەوە و لێکۆڵینەوەی لێ کراوە.