کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کۆمیتەی حیزبی دێموکرات لە دانمارک لە کۆبوونەوەی بەرپرسانی یونیسێف بەشداریی کرد

10:19 - 1 رێبەندان 2722

ڕۆژی پێنجشەممە ٢٩ی بەفرانباری ١٤٠١ی هەتاوی، هەیئەتێک لە نوێنەرانی هێز و لایەنە سیاسی و مەدەنییە ئێرانی و کوردستانییەکان و چالاکانی سیاسیی ئێرانی لە دانمارک، لەگەڵ بەرپرسانی یونیسێف کۆبوونەوەیەکیان بەڕێوە برد.

لەو کۆبوونەوەیەدا تیمێک لە نوێنەرانی کۆمیتەی دانمارکی حیزبی دێموکرات پێکهاتوو لە بەڕێزان "حوسێن مەحموودی" جێگری بەرپرسی پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان و "وریا مەللاک" نوێنەری کۆمیتە لە پەیوەندی لەگەڵ لایەنە ئێرانییەکان، بەشدار بوون.

لەو کۆبوونەوەیەدا کە لەگەڵ هەیئەتێکی یونیسێف بە سەرپەرشتیی "سووزان داڵ" بەرپرسی گشتیی یونیسێفی دانمارک بەڕێوە چوو، هەیئەتی بەشداربوو پاش گواستنەوەی زانیاریی گرینگ، داواکارییەکانی خۆی کە بریتی بوون لە "داواکاریی پشتگیریی زیاتری یونیسێف لە ڕاپەڕینی گەلانی ئێران لە ڕێگەی میدیاکانەوە و هەروەها هەڵوێستی یونیسێف دژی لەسێدارەدانی لاوان لەلایەن ڕێژیمی ئێرانەوە"، لە نامەیەکی فەرمیدا پێشکەش بە یونیسێف کرد.

هەروەها هەیئەتی حیزبی دێموکرات داوای کرد کە یونیسێف بە هەستیارییەکی زۆرترەوە بڕوانێتە ئەو ناوچەگەلە کە تووشی قەیرانێکی زۆرن و تەنیا بەهۆی ئەوەی کە نووسینگەیان لە ناوەندی ئێرانە، نەتەوەکانی دیکە لە پەراوێز دانەنێن و بۆ وەرگرتنی زانیاریی بڕواپێکراو لە سەرچاوەگەلێکی وەکوو ڕاگەیاندنی حیزبی دێموکرات کەڵک وەربگرن.

بەشی کۆتایی وتەکانی هەیئەتی حیزبی دێموکرات تایبەت بوو بە دەستدرێژی بۆ سەر دەسبەسەرکراوان و بەندکراوانی ناو بەندیخانەکانی ئێران. لەو بەشەشدا وێڕای ئاماژەدا بە ڕاپۆرتی "سی.ئێن.ئێن" سەبارەت بەو پرسە، داوا لە یونیسێف کرا لەهەمبەر ئەو کردەوە دزێوەی ڕژیم بێدەنگ نەبن و هەڵوێستی جیدییان هەبێت.