کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

لە کۆماری کوردستانەوە بۆ کۆماری ژن ژیان ئازادی

11:51 - 1 رێبەندان 2722

ئەلبورز ڕۆئین‌تەن

دوای ٧٨ ساڵ لە دامەزرانی کۆماری کوردستان، ئێستاش بیر و بەها نەتەوەییەکانی کۆماری کوردستان لە بیر و هزری تاک کۆمەڵگەی کوردیدا زیندوەو ڕێ‌نیشاندەرە.

کاتێک کە ڕێژیمی پەهلەوی لە یەکێک لە گۆڕەپانەکانی شار هەموو ئەو بابەتانەی پەیوەندیدار بوون بە کۆماری کۆردستانی دەسوتاند و خەڵکی لە زیندان دەکرد و ڕێبەرانی کۆماری لەسێدارە دەدا بۆ ئەوەی بیری کوردایەتی بسڕێتەوە، هیچ‌کات بیری لەوە نەدەکردەوە کە بۆ خۆی نامێنێ و مەحکوومە بە نەمان، بەڵام هزری کۆمار دوای ٧٨ ساڵ هەر لە پەرەسەندندا دەبێت و لاوانی وڵات دروشمی ئێمە ڕۆڵەی پێشەواین و نابەزین لە شەقامەکان دەڵێنەوە.

یەل لەم بابەتەنەی ئەو ڕاستییە دەسەلمێنێ کە کۆماری کوردستان لە بیری کوردان هەر زیندوە دروشمی ژن ژیان ئازادییە. زۆر تاک و لایەن ویستویانە بە دەست‌بەسەرداگرتنی دروشمی ژن ژیان ئازادیی خەڵک، خۆیان بە شۆڕشەوە هەڵواسن،  بەڵام بە خوێندنەوەی گۆڤاری نیشتمان بیری کۆمەڵەی ژێکاف و هەروەها هەموو هەوڵەکانی کۆماری کوردستان بۆ چەسپاندنی یەکسانی لە کۆمەڵگەی دواکەوتووی ئەوکات بەردەوامی ئەو سیاسەتە وەک بەشێکی دانەبڕاوی حیزبی دێموکرات بە درێژای ساڵانی ڕابردوو شایەدی دەدەن کە دروشمی ژن ژیان ئازادی هەڵقوڵاوی ناخی خەڵکی و کورد و خەباتە ڕەواکەی و کۆماری کوردستان بۆ گەیشتن بە ئازادییە.

ئەوکاتەی کە لە گۆڤاری "نیشتمان" شێعری کاک دەنوسرا، کە "یای کوبرا" لە ڕێوڕەسمی ڕاگەیاندنی کۆماری کوردستان وتاری دەدا، ئەوکاتەی کە یەکیەتیی ژنان بە فەرمانی سەرۆک‌کۆمار پێشەوا دادەمەزرا، ئەو کاتەی بڕیار دەدرا کە دەبێ کچان بچنە قوتابخانە، ئەوکاتەی یەکسانی دەبوو بە پڕەنسیپی خەبات و لە بەرنامە و ئەساسنامەی حیزبی دێموکراتدا دەچەسپا، ئەوکاتەی پێشمەرگەی ژن هاوشانی پێشمەرگەی پیاو خەباتی دەکرد، ئەو کاتەی دەورەی ٢٥٠ی پێشمەرگەی حیزبی دێموکرات هەموو ژن بوون، بناغەی دروشمی ژن ژیان ئازادی دانرا. جێگای سەرسوڕمان نیە ئەمڕۆ ژنان پێشەنگن و بۆ پێشەنگایەتییان لە کۆماری کوردستانەوە خەبات دەکرێ، جێگای سەرسوڕمان نییە کە باوکی شەهید لەسەر گۆڕی جگەرگۆشەکەی هاوار دەکا زۆر پیاو بوون نا، زۆر ژن بوون هونەرە. هەربۆیەش تا ئەوکاتەی کۆمەڵەی ژێکاف و کۆماری کوردستان وەک ئەستێرەی درەوشاوەی خەباتی کورد و کۆمەڵگەی وشیاری ڕۆژهەڵات هەبێ کەس مافی خۆبەخاوەنکردنی ئەو دروشمەی کە لە کوردستانی کۆماردا سەری هەڵدا نییە.

دووهەم بابەت کە شۆڕشی ژن ژیان ئازادی بە کۆماری کوردستانەوە دەبەستێتەوە هەبوونی کولتووری فیداکاری بۆ خاک و نیشتمانە، کە پێش کۆماریش هەبوو بە فیداکاریی پێشەوا بووە سیمبولی ژیانی کوردان بۆ بە دەستهێنانی ئازادی، زیادتر لە سەد شەهید، هەزاران بریندار و هەزاران گیراو بێ‌ئەوەی چرکەیەک لە خەبات بۆ سەرخستنی ئەو شۆڕشە سڵ بکەنەوە، وانەی پێشەوای نەمر بوون بۆ کوردان کە دەبینین لە لاواندا بەرجەستەیە و بۆ هەمیشەش تا ئەوکاتەی کوردستان هەیە و خەبات بۆ ئازادی هەیە بەردەوام دەبێت.

سێیەم بابەتی کە شۆڕشی ژن ژیان ئازادی بە کۆماری کوردستانەوە دەبەستێتەوە هاواری خەڵک بۆ بەهاناهاتنی پێشمەرگە ئەو نرخەی کە لە کۆماری کوردستان داهێنراوە دەبیندرێت. لە کاتێک شارەکان ئازاد دەکران و زەبروزەنگی ڕێژیم لە ڕووی ترسەکەی زۆر و زۆرتر دەبوو، بەپێچەوانەی خەڵکی شوێنی تر کە هیوای بەهاناهاتنی وڵاتانی دیکەیان دەکرد، لە کوردستان خەڵک هاواری خۆی بۆ پێشمەرگە دەهێنا و باوەڕی وابوو کە پێشمەرگە دەتوانێ ئەوان بپارێزێ، تەنانەت ئەگەر لە ڕووی ژمارە و و چەک و ئیمکاناتیش لاوازتر لە هێزی زەبروزەنگی ڕێژیمیش بێت، ئەو باوەڕە پیرۆزە کە خەڵک هەیەتی لە کۆماری کوردستانەوە تا بە ئەمڕۆ لەنێو خەڵکدا هەیە و پێشمەرگە بە باسکی بەهێزی خۆی دەزانێ و هاواری خۆی بۆ دەبات و وەک شاخ بە پشتیوانی نەتەوەی کورد دەیبینێ.

چوارەم بابەت بۆ دەرکەوتنی گەوهەری ناسیونالیزمی کوردایەتی کە ئاشتیخوازە و برایەتیی گەلانی پێ دروستە دەگەڕێتەوە، هەر چۆن لە کۆماری کوردستان هەوڵی هەوڵی یەکیەتی و برایەتیی دو گەلی کورد و ئازەربایجان وەک سیاسەتێکی سەرەکی کاری بۆ دەکرا، لە شۆڕشی ژن ژیان ئازادی ئەو پەیامە وەک بەشێکی دانەبڕاوی شۆڕش لە کوردستانەوە بۆ هەموو ئێران درا، دیتمان دروشمی "بژی ئازەربایجان، یاشاسین کوردستان" هەڵدەدران و جارێکی دیکە گەوهەری ئاشتیخوازبوونی ناسیۆنالیزمی کوردی بۆ هەموو لایەک وەدەرکەوت.

پێنجەمین خاڵ دەتوانم ئاماژە بەرجەستەکردنی هەموو ئەو هێمایانەی کە لە کوماری کوردستانەوە بۆ کورد بە میرات ماونەتەوە، لە شۆڕشی "ژن، ژیان، ئازادی"دا بەزەقی دەبیندران بکەم، هەڵگرانی دروشمی ئێمە ڕۆڵەی کۆمار و پێشەواین تەنیا ئەو بابەتەیان وەک دروشم نەدەگوتەوە بەڵکوو وەک باوەڕ کە لە هزری تاکی کورد چەسپاوە و ئەگەر هەفتا و هەشت ساڵیش دەرباز بێ هەر خۆی بە لاوی کۆمار دەزانێ هەر چۆن پێشەوای نەمر لە وتاری ڕاگەیاندنی کۆماری کوردستان‌دا گوتی کورد قەت نەوەستاوە لە خەبات و کۆماریش درێژەی ئەو خەباتەی کوردە، کورد ئەمڕۆ لە خەبات بۆ بەدەستهێنانی ئازادی نەوەستاوە و بەڵکوو ئەوەی ئەمڕۆش دەیکات بە بەردەوامیی هزری کۆمار دەزانێ.

لە کۆتاییدا ئاماژە بە شەهید "کۆمار دەرئوفتادە" دەکەم کە پێش شەهیدبوونی نووسیبوی ئازادیتان خۆش بوێ،  باوکی لە سەر گۆڕی خۆشەویستی ئازادی گوتی لە "٢٥ گەلاوێژ" لەدایک بووە. ئەو باوکە نیشتمانپەروەرە چونکە ڕۆڵەکەی لە ٢٥ی گەلاوێژ، ڕۆژی دامەزراندنی کۆمەڵەی ژێکاف و حیزبی دێموکرات لەدایک ببوو، ناوی کۆڕەکەی نابوو کۆمار، ئەو کۆمارەی کە ئازادیی خۆش دەویست و لە پێناویدا شەهید بوو، ئەو کۆمارەی بە ناوی کۆماری کوردستان کرا، دوژمنانی کۆمار ئەوکات و ئێستاش مەحکوومن بە نەمان، کۆماری کوردستان و کۆماری شەهیدیش بۆ هەمیشە بە زیندوویی دەمێننەوە، چونکە ئەوان سیمبولی ژن ژیان ئازادی نەتەوەی کوردن.