کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کاک مستەفا هیجری: هێز لە یەکگرتن‌دایە

13:10 - 12 بەفرانبار 2722

کاک مستەفا هیجری، بەرپرسی ناوەندی بەرێوەبەریی گشتی حیزب دێموکراتی کوردستانی ئێران لە دیمانەیەکدا لەگەڵ کوردکاناڵ ڕایگەیاند ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی لە بواری ئیدئۆلۆژییەوە هەرەسی هێناوە و تووشی هەڵوەرینی هێزەکانیشی بووە. 

بەرپرسی ناوەندی بەرێوەبەریی گشتی حیزب دێموکرات لەو دیمانەیەدا ڕۆڵ و پێشەنگایەتیی ژنانی لە ڕاپەڕیندا بەرز نرخاند و گوتی ڕەنگە ئێمە ئەوە کە ژنان سەرپۆشی ئیجباری لەسەر خۆیان لا دەبن بە شتێکی کەم بزانین، بەڵام ئەوە یەکێک لە کۆڵەکە ئیدئۆلۆژییەکانی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامییە کە ژنان بە دەستی خۆیان ڕووخاندیان و یەک لە بەها سەرەکییەکانی ڕێژیمیان خستە ژێر پێی خۆیان.

کاک مستەفا هیجری لە درێژەی باسەکەیدا تیشکی خستە سەر سیاسەتی دەیان ساڵەی ڕێژیم بۆ نانەوەی ئاژاوە و دووبەرەکی لەنێوان پێکهاتە جیاوازەکانی ئێران و گوتی ئەزموونی ئەو سەد ڕۆژەی ڕاپەڕین نیشانی ‌دا کە نەک سیاسەتەکانی ڕێژیم جێ نەکەوتوون، بەڵکوو دروست بەپێچەوانەی ئەوان، نەتەوە جیاوازەکان و ئایینەکانی جیاوازەکان بە لایەنگری لە یەکتر دروشمیان دا و ئەو یەکیەتی و یەکڕیزی و یەکدەنگییە کە بە مانای هەرەسهێنانی ویستەکانی ڕێژیمە، دەسکەوتێکی زۆر گەورە بوو. 

ڕۆڵی بەرچاوی مامۆستایانی ئایینی لە پشتگیریی خەڵکی ڕاپەڕیو و پشتکردن لە کۆماری ئیسلامی بابەتێکی دیکە بوو کە بەرپرسی ناوەندی بەرێوەبەریی گشتی حیزب دێموکرات بە بایەخەوە باسی کرد. بەڕێزیان لە درێژەی وتووێژەکەیدا باسی لەوە کرد کە کوردستان لەو ڕاپەڕینەدا تێچووی مرۆیی زۆری دا و ئەوە بە ئاماری شەهیدەکان، گرتن و بریندارەکان و میلیتاریزەکردنی کوردستانەوە دیارە، هۆکارەکەشی قین‌لەدڵیی کۆماری ئیسلامی لە بزووتنەوەی سیاسیی کورد و بەچۆکدانەهاتنی جووڵانەوەی شۆڕشی کوردە.

پێویستیی یەکخستنی وزەی خەباتگێڕی لە کوردستان و لە ئاستی سەرانسەریدا تەوەرێکی دیکەی وتووێژەکەی کاک مستەفا هیجری بوو. بەڕێزیان بە بایەخەوە باسی لە یەکگری و یەکڕیزیی کورد کرد و لەسەر پێویستیی هاوخەباتی و هاوپێوەندی لەنێوان هەموو نەتەوە و پێکهاتە جۆراوجۆرەکانی ئێراندا پێی داگرت. بەرپرسی ناوەندی بەرێوەبەریی گشتی حیزب دێموکرات گوتی ئێمە بۆ پێکهێنانی ئاڵوگۆڕ لە بەرانبەر ڕێژیمێکی وەکوو کۆماری ئیسلامی ئێراندا، پێویستیمان بە یەکگرتوویی هەیە و هێز لە یەکگرتوویی دایە. ئێمە لە کوردستاندا هەرچەند یەکگرتووش لەبەر ئەوەی ناتوانین بەتەنیا ڕێژیم بڕووخێنین و لە تاران ناتوانین ببینە ئاڵترناتیو؛ دەبێ ئەو ئەرکە بە یەکگرتوویی زیاتر لەگەڵ خەڵکی ئێران بە ئەنجام بگەیەنین.