کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کۆبوونەوەی نوێنەرایەتیی حیزبی دێموکرات و نوێنەری پارلمانی ئوسترالیا

17:01 - 1 رێبەندان 2722

"سەلاح پوورئەسەد و مەسعوود پیران"، نوێنەرانی حیزبی دێموکرات لە ئوسترالیا لەگەڵ "ستیڤن بەیتز" نوێنەری پارلمانی فیدراڵی ئوسترالیا لە حیزبی سەوزەکان، کۆ بوونەوە.

لەو کۆبونەوەیەدا نوێنەرانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لەسەر جینایەتەکانی کۆماری ئیسلامی دەرحەق بە گەلی کورد و گەلانی ئێران، بە تایبەتی  ڕووداوەکانی چوار مانگی ڕابردوو قسەیان کرد و ئاماژەیان بە سەرکوتی خوێناویی خۆپشاندەرانی  سەر شەقام، کوشتن و بریندارکردنی ژن و منداڵ و پیر و لاوی ئێران کرد.

ھەروەھا لەسەر دەسبەسەرکردنی ھەزاران کەس لە ڕەوتی خۆپیشاندانەکاندا و ئەشکەنجە و ئازار، ئێعدام و بەندکردنی درێژماوە، چەندین بەڵگەیان پێشکەشی نوێنەری پارلمانی ئوسترالیا کرد کە لەنێویاندا لیستی هەموو شەھیدانی ڕاپەڕینی سەرانسەریی گەلانی ئێرانی تێدابوو.

لە درێژەی کۆبوونەوەکەدا ئاماژە بە کردەوە تێرۆریستییەکانی ڕێژیمی ئیسلامی لە جیهاندا کرا و داوا لە نوێنەری پارلمانی ئەو وڵاتە کرا کە ئەو  پارە زۆرەی کە کاربەدەستانی ڕێژیم بۆ سپیکردنەوە ھێناویانەتە ئوسترالیا دەستی بەسەردا بگیرێت. هەروەها داوا کرا کە ئەو کەسانەی کە پەیوەندییان لەگەڵ ڕێژیم هەیە، لەو وڵاتە دەر بکرێن، لەبەر ئەوەی ئەوانە جێی مەترسین.

لەو کۆبوونەوەیەدا نوێنەرانی حیزب داوایان لە "ستیڤن بەیتز" کرد کە وەک فڕاکسیۆنی حیزبی سەوزەکان، پشتیوانی لە بە تێرۆریست‌ناساندنی سپای پاسداران بکەن.