کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

هێزەکانی ڕێژیمی ئێران شەپۆلێکی دەسبەسەرکردنی گەڕەک بە گەڕەکیان لە زاهیدان دەست پێ کردووە

17:56 - 1 رێبەندان 2722

بە دوای خۆپیشاندانی خەڵکی بەلووچ دوای نوێژی هەینی کە ڕۆژی ٣٠ی بەفرانبار، سەرەڕای گوشار و کەشێکی ئەمنییەتی بەڕێوە چوو، شەپۆلێک لە دەسبەسەرکردنی سەرەڕۆیانەی هێزەکانی ڕێژیم لە گەڕەکەکانی زاهیدان دەستی پێ کردووە.

بەپێی ڕاپۆرتی ماڵپەڕی ''حال‌وەش'' لە ڕۆژی ڕابردووەوە ڕێکەوتی ٣٠ی بەفرانبار، شەپۆلێکی دەسبەسەرکردنی لاوان و مێرمنداڵانی بەلووچ لەلایەن هێزەکانی ڕێژیمی ئێران دەستی پێ کردووە و ژمارەیەکی زۆر لە لاوانیان لە چەندین گەڕەکی شاری زاهیدان دەسەبەسەر کردووە.

ڕێژیمی ئێران بە مەبەستی کۆتاییهێنان بە خۆپیشاندانی ڕۆژانی هەینی، کەشێکی ئەمنییەتیی لە ماوەی حەوتووەکانی ڕابردوو لە شاری زاهیدان دەست پێ کردووە و دەیان شارومەندی بەلووچی دەسبەسەر کردووە.

بە وتەی کەمپەینی چالاکانی بەلووچ ژمارەیەکی زۆر لە لاوانی بەلووچ بەرەڕووی گوشار و دانپێدانانی زۆرەملێ بوونەتەوە و ژمارەیەکی زۆریش لە چارەنووسیان هیچ زانییارییەک بڵاو نەبووەتەوە و ئەمە نیگەرانییەکی زۆری پێک هێناوە.