د. ئاسۆ حه‌سه‌ن‌زاده
هاوپه‌یمانی و ئه‌لتێرناتیڤی سیاسی له ئێران:
مه‌به‌ست و ده‌ره‌نجامی ده‌وردانه‌وه‌ی حیزبه‌کان و خۆدزینه‌وه له پێناسەکردنی سیستەمی داهاتوو
نزیکەی چوار مانگ پاش دەسپێکی ئه‌و ڕاپەڕینه جەماوەرییه‌ی بەدوای قه‌تڵی حکوومەتیی ژینا ئەمینی و لە ڕاستیدا له‌پێناو کۆتایی‌هێنان بە کۆماری ئیسلامی وەڕێ کەوتوە، سەرەڕای هەوڵگەلێک کە دەگوترێ بۆ پێکهێنانی هاوپەیمانییەکی گشتگیری هێزە گۆڕانخوازەکان و پێکهێنانی ئه‌لتێرناتیڤێکی دیمۆکڕاتیک بۆ کۆماری ئیسلامی لە ئارادایە، تا ئێستا ئاماژەیەک لە وەها هاوپەیمانی و ئه‌لتێرناتیڤێک بەدی ناکرێ. لە کاتێکدا خەڵک و بە تایبەت نەوەی نوێ لە نێوخۆی ئێران بە به‌رزترین شێوه واته به مایەدانان لە گیانیان لەسەر شەقامەکان و لەژێر داری ئێعدامدا نه‌خش دەگێڕن، زۆربه‌ی بژارده سیاسییه‌کانی ئۆپۆزیسیۆن کە ڕوخساره دیاره‌کانیان زۆرتر سەر بە نەوەی ڕابردوون، هێشتا تەنیا لە جێگه و پێگه‌ی شڕۆڤەکارانی نوسخه‌وه‌پێچدا دەردەکەون.
هۆکاری بێ‌توانایی ئۆپۆزیسیۆنی ئێرانی لە گەیشتن بە یەکگرتووییەکی ڕاستەقینە و شوێندانه‌ر، قەتیس‌مانەوەی هێز و لایەنە دژبەرەکانی کۆماری ئیسلامی لەو کەلێن و دابڕانە سیاسی، مێژوویی و فکرییانەدایه کە بە درێژایی ماوەی دەسەڵاتدارێتیی ڕێژیم گیرۆدەی بوون.
لە بەرانبەر ئەو دۆخەدا، ڕوخسارگەلێک کە بە هۆکاری ناڕوون مێدیا فارسی زمانەکانی دەرەوەی وڵاتیان خستۆته پاوانی گوتاری به‌رته‌سکی خۆیان و هێندێکیان میراتی سیاسیی ڕێژیمی پێشوو به‌دووی خۆیاندا ڕاده‌کێشن، یان تەنانەت لە داڕشتنی بنەما فکرییەکانی ڕێژیمی ئێستاشدا ده‌ستیان هەبووە، له‌ڕووی مێتۆدیکه‌وه کۆمەڵێک پێشنیاریان هێناوەتە گۆڕێ کە زیاتر لە چەت‌تێخستن لە خەباتی دژ بە سەرەڕۆیی ئیسلامی دەچن تا ئەوەی بەرهەمهێنەری دیسکۆرس و کاردروستاییه‌ک بن کە ویست و داواکارییەکانی سەرجەم چین و توێژەکانی کۆمەڵگەی ئێران له‌خۆ بگرێ. خۆدزینەوە لە باسکردن له نێوه‌رۆکی ئه‌لتێرناتیڤ یان لە باشترین حاڵەتدا که‌فایه‌ت‌کردن به خستنه‌ڕووی هێندێک فۆرموولی گشتی و بۆش کە خومەینییش بە ئەدەبیاتی تایبەت به خۆی لە "نۆفل لوشاتۆ" به‌سه‌ر زاریدا ده‌هات له‌لایه‌ک، و له‌لایه‌کی دیکه‌وه، خۆبواردن لە بە بنەمادانانی حیزبه‌كان بۆ پێکهێنانی بناغەکانی ڕێژیمی جێگرەوە، لەو پێشنیارە بەناو مێتۆدیکانەن. پاڵنه‌ر و دەرەنجامی هەردووکی ئەو پێشنیارانە‌ش، بەردەوامی و دووباره‌کردنه‌وه‌ی دەسەڵاتێکی ناوەندگەرا و هاوچەشن‌سازە لە سێبەری گوتەزایەک بە ناوی "نەتەوەی ئێران" بە پشتگوێ‌خستنی گرینگ‌ترین هیزی پێکهاتەیی کۆمەڵگەی ئێران واتە نەتەوە ژێردەستەکان کە به‌ئاسانی زیاتر له نیوەی دانیشتووانی ئێران پێک‌دێنن.
خۆبواردن لە باسی فۆڕم و نێوه‌رۆکی ئالترناتیڤ
پێشنیاری یەکەم کە له‌و هه‌لومه‌رجه‌دا تا ڕاده‌یه‌ک لە‌لایەن ڕەوته سیاسی و که‌سایه‌تییه‌کانی دژی ڕێژیمیش ڕه‌چاو ده‌کرێ، پشت بەو لێکدانه‌وه‌یه دەبەستێ کە لە ئێستادا پێویسته هه‌موو جه‌خته‌که ته‌نیا بخرێته سه‌ر یەکگرتن لەپێناو ڕووخاندنی کۆماری ئیسلامی و هەر چەشنە باسێک سەبارەت بە ڕێژیمی داهاتوو (تەنانەت لە هێڵە گشتییەکاندا) ده‌بێته هۆی دروستبوونی کەلێن لە ڕیزەکانی خەڵکدا و لاوازبوونی خەباتی ڕووخانخواز. سەرنجڕاکێش ئەوەیە کە ئەوانەی زیاتر لە هەمووان جەخت لەسەر پێویستیی خۆبواردن لە پێناسه‌کردنی ئه‌لتێرناتیڤ دەکەن، هەر ئەوانەن کە هیچ دەرفەتێک بۆ دەربڕینی لایەنگریی خۆیان لە شێوازێکی دیاریکراوی سیستمی سیاسی (گەڕانەوە بۆ پاشایەتی) لەکیس نادەن، بەبێ ئەوەی که‌مترین زه‌حمه‌تی ئاوڕدانه‌وه‌یه‌کی ڕه‌خنه‌گرانه لە کارنامەی وەها ڕێژیمێک لە ئێران‌دا به خۆیان بده‌ن.
ئەو توێخه له ئۆپۆزیسیۆن که هێنانەگۆڕی پرسی نێوه‌رۆکی سیستمی جێگره‌وه لەو قۆناغه‌دا بە بڤە دەزانێ و لەسەر ئەو بڕوایەیه کە دەبێ هه‌موو شتێک بۆ قۆناغی ڕه‌نگه ئاڵۆزی پاش ڕووخانی ڕێژیم و دروستبوونی "مه‌جلیسی موئه‌سسان" وه‌دوا بخرێ، لانیکەم لە قسەدا هیچ کێشە‌یه‌کیان لەگەڵ بنەماکانی دیمۆکڕاسی و مافی هاووڵاتی و ویستەکانی خەڵک کە ئەم‌ڕۆژانە لە‌لایەن توێژە جیاوازەکانەوە لە نێوخۆی وڵات دێنە گۆڕێ، نییه. تەنیا دەنگێک کە نایانەوێ بیبیستن خواستی ڕزگاریی ڕیشەیی نەتەوە ژێردەستەکانی ئێران لە ستەم و هەڵاواردن و ئەو ڕێگاچارانه‌یه کە نوێنەرانی ئەو نەتەوانە بەتایبەت کوردەکان بە مەبەستی سڕینەوەی ستەمی نەتەوەیی لە ئێرانی داهاتوودا پێشنیاری دەکەن. هاوکات ئیزن بە خۆیان دەدەن کە سوێند خواردن بە یەکپارچەیی ئێران بکەنە مه‌رجه هەرچەشنە هاوپەیمانییەک و بەو شێوەیە پەرە به‌و بانگه‌یه‌شه ده‌ده‌ن که کۆماری ئیسلامی سه‌باره‌ت به مه‌ترسیی دابه‌شبوونی ئێران هه‌میشه وه‌ک داوه‌ڵێک به‌کاری بردووه، داوه‌ڵێک کە بەردەوام بۆ پاراستنی دۆخی ئارایی پشتی پێ به‌ستراوه.
پێشنیاری خۆبواردن لە باس لەسەر سروشتی ئه‌لتێرناتیڤ، بە ئه‌نقەست یان له‌ڕووی نه‌زانییه‌وه چەند ڕاستییەک بەلاوە دەخا:
١/ واقعییەتی یەکەم پێوه‌ندیی بە پاڵنه‌ری سه‌ره‌کیی ڕاپەڕینی بێوێنەی خەڵک بۆ کۆتایی‌هێنان بە کۆماری ئیسلامییه‌وه هه‌یه. لەگەڵ ئەوەی زۆربەی خەڵکی ئێران سه‌رچاوه‌ی هەموو کێشه و نەهامەتییەکانیان لە هۆکارێکی هاوبه‌ش (بوونی ئه‌و ڕێژیمه)دا ده‌بینن، ئه‌و شته‌ی زیاتر له هه‌ر شتێکی دیکه ئه‌وانی تا سنووری گیانبه‌خشین هێناوه‌ته مه‌یدان، دۆخی تایبه‌تیی هه‌رکام له چین و توێژه‌کانی ئه‌و خه‌ڵکه‌یه، دۆخێک که زۆربه‌ی جار ڕیشه‌یه‌کی مێژوویی و پێکهاته‌ییشی هه‌یه. به واتایه‌کی دیکه، ئەوەی وای کردوە ئەمڕۆ خەڵک بوێرانەتر و لێبڕاوانه‌تر لە ڕابردوو به‌دژی ئه‌و ڕێژیمه ڕاسێن، بەر لەوەی پێوەندیی بە ویستی ئابستراکتیڤی خەڵک بۆ گەیشتن بە ڕێژیمێکی سیاسیی ئیدەئاله‌وه هه‌بێ، بەرهەمی وەزاڵەهاتنیان لەو دۆخ و هەلومەرجە تایبه‌تییه‌دایه که دەیان ساڵە بە سەریاندا سەپاوە.
٢/ گرینگ‌ترین پێنوێنی ڕاپەڕینی ئەمجارەی خەڵک، زەرفییەت و پۆتانسیه‌لی فراوانی سیاسی-کۆمەڵایەتی و فرە دیسکۆرسی و فرەشوناسیەکەی وێڕای توانای شکڵ‌به‌خشین به خه‌ونێکی هاوبه‌ش بۆ داهاتوویه. لەکاتێکدا که دەربڕینی ویست و ناسنامە جیاوازەکان لە‌لایەن خەڵکەوە لە نێوخۆی وڵات نەبۆتە هۆی تێکدانی یەکڕیزی و تۆلێڕانسی نێو بزووتنەوە‌ی شۆڕشگێڕانەی خەڵک، ڕوون نییە بۆچی بەفەرمی‌ناسینی ئەو فرەشوناسییە له بەستێنی ڕێبەریی سیاسی و هاوپەیمانێتیی ئۆپۆزیسیۆندا ده‌بێته ڕێگر بۆ یه‌كگرتن و هۆکار بۆ دروستبوونی درز.
٣/ بەپێی ئەزموونی ئینقلابی پێشوو کە تێیدا "ئەوەی خەڵک نایانه‌وێ"، "ئەوەی خەڵک دەیانەوێ"ی خستە پەڕاوێزەوە و لە هەناوی ئەو هاوکێشەیەوه سەرەڕۆیی بەرهەم هاتەوە، تەنیا ویستی ڕووخانی ڕێژیم (گریمان سه‌رکه‌وت) هاتنەسەر کاری ڕێژیمێکی باشتری لێ ناکەوێتەوە. هەر بۆیە ڕاپەڕینی ئەمجارەی خەڵک تەنیا بۆ دژایەتیی کۆماری ئیسلامی نییە، بەڵکوو هەر لە ئێستاوە ئارمانجی گەیشتن بە داهاتوویەکی دیکه‌ی له سیاسه‌ت و به‌هاکان لە هەناوی خۆیدا هەڵگرتووە و دەریشی دەبڕێ.
یەکگرتنێک کە تەنیا بنەمای نه‌رێنی (ڕەتکردنەوەی ڕێژیمی ئارایی) هەبێ و بنەمای ئه‌رێنیی (خەونی هاووڵاتیان بۆ سیستمی داهاتووی وڵات و بۆ جێگه و پێگه‌ی خۆیان له‌و سیستمه‌دا) نه‌بێ، نه‌ک هه‌ر ناتوانێ مزگێنیده‌ری دامەزرانی سیستمێك بۆ داهاتوو بێ کە هەمووان لەسەری کۆک بن، به‌ڵکوو تەنانەت له کاری ڕووخاندنی ڕێژیمی ئێستاشدا تووشی گرفت دەبێ. دیاره ئیمکانی ئه‌وه که هه‌ر ئێستا هه‌موو لایه‌نه‌کانی ئۆپۆزیسیۆن له‌سه‌ر جۆری ئه‌لتێرناتیڤ و ورده‌کارییه‌کانی ڕێک بکه‌ون، نییه. به‌ڵام خۆبواردن له پێناسه‌کردنی سروشت و بنه‌ماکانی ڕێژیمی داهاتوو (بەتایبەتی له‌پێوەندی له‌گه‌ڵ شێوازی وڵامدانەوە بە گرینگ‌ترین پرسی کۆمەڵگەی ئێران کە پرسی نەتەوەیی-ئێتنیکییە) بە دووپاتکردنەوەی ئه‌و فێڵه لێک ده‌درێته‌وه کە ڕەوتە سیاسییەکانی ئێران لە شۆڕشی ٥٧دا ملیان بۆ دا و دوایه‌ش ئاکامه شوومه‌که‌یان چنیه‌وه، واته هه‌وڵی سەپاندنی گوتار و ناسنامەیەکی به‌ناو گشتگیر و جه‌هانبینییەکی دیاریکراو بە قیمه‌تی ڕەتکردنەوەی گوتار و ناسنامە و جیهانبینیی بەشه جۆراوجۆره‌کانی کۆمەڵگە. ئه‌مڕۆش ئەوەی مەترسی بۆ سه‌ر یەکگرتنی چالاکی خەڵکی ئێران (بەتایبەت له‌نێوان ناوەند و په‌ڕاوێزه جؤغرافییه‌کانی ئێران) دروست د‌ه‌کا، ڕێک خۆبواردن لەو باسه و ڕەتکردنەوەی فرەیی لە ئێران‌دایە.
لە ڕابردوودا بزووتنەوە‌ی سه‌راسه‌ریی وا هه‌بووه که ڕێژیمی بەرەوڕووی کێشە کردۆتەوە (بۆ نموونه بزووتنەوە‌ی سەوز)، به‌ڵام به‌هۆی نەبوونی ئاسۆیەکی گوتاریی ڕوون و هیوابەخش لەپێوهندی لەگەڵ پرسی نەتەوەییدا نەیتوانیوە نەتەوە ژێردەستەکان بەتایبەت کورد بۆ لای خۆی ڕابکێشێ. بە سەرنجدان بەوەی ئەمجارە ناوچە پەڕاوێزییەکانی ئێران پێشەنگ و بزوێنەری سەرەکیی بزووتنەوە‌ی سەراسەریین، بەدوور دەزانرێ ئەو نەتەوانە بەردەوام‌بوونی ڕاپەڕینی خۆیان بخەنە گرەوی قبووڵکرانی ویست و جه‌هانبینییان له‌لایه‌ن بژارده ناوه‌ندگه‌راکان و له‌هه‌رحاڵدا ئه‌وان درێژه به ڕێگای خۆیان ده‌ده‌ن. سەرەڕای ئەوەش بۆ تێپه‌ڕین له کۆماری ئیسلامی یه‌کگرتنی ناوەند و "پەراوێز" زه‌رووره‌تێکی بێ‌ئه‌ملاوئه‌ولایه.
ترس لە حیزبەکان
پێشنیاری ده‌وردانه‌وه‌ی حیزبەکان و هەوڵدان بۆ پێکهێنانی هاوپەیمانیی کەسایەتییەکان تەنیا لەڕووی دەنگدانەوەی مێدیاییەوە تازه‌یه. ئه‌گینا لە دوو دەیەی ڕابردوودا هەر ئەو کەسایەتییانەی ئاماژەیان پێ کرا، بەهۆی نەبوونی مەشرووعیەتی ڕێکخراوەیی و جەماوەری، لەو دانیشتنانەدا که لە پێتەختی وڵاتانی ئورووپایی بەڕێوەیان دەبرد، بانگەشەی پێکهێنانی هاوپەیمانی له‌سه‌ر ئه‌و بنه‌مایه‌یان دەکرد. ڕه‌نگه هه‌ربۆیه‌ش بێ که ئه‌و جۆره گردبوونه‌وانه تەنیا کۆمەڵێک کلابی هاوبیرییان لێ که‌وته‌وه، نەک بناغەکانی ئه‌لتێرناتیڤێکی جیددی و جێ متمانەی خەڵک.
حیزب سڕینەوە لەگەڵ بنەماکانی دێموکڕاسی و تەنانەت له‌گه‌ڵ ئەزموونی وڵاتانی لە حاڵی تێپەڕیندا ناته‌بایه. بەپێی پەسندکراوە نێونەتەوەییەکان و ئەدەبیاتی حقووقیی ئەو نیهادانه‌ی دیمۆکڕاسی پێناسە دەکەن، حیزبەکان یەکێک لە کۆڵه‌که مشتومڕهەڵنەگرەکانی دیمۆکڕاسی و پلۆڕالیزمن. بەپێی ئەزموونی وڵاتانیش، بۆوێنە لە فەڕانسە لەکاتی گواستنه‌وه لە کۆماری چوارەمه‌وه بۆ کۆماری پێنجەم، هەموو لایه‌ک له‌سه‌ر ئه‌وه کۆک بوون که کارکردی نه‌گونجاوی حیزبه‌کان ببووه هۆی لاواز بوونی نیهاده سیاسییه‌کانی وڵات و ژه‌نه‌ڕاڵ دوگۆلیش زۆری که‌یف به ته‌وه‌ربوونی پارته سیاسییەکان نەده‌هات. به‌وحاڵه‌ش حیزبەکان هەروا پێوەر و پێوانه‌ی ڕەوایی دیمۆکڕاتیک مانەوە و دوگۆلییش – جیا له‌وه که بۆخۆیشی بە پلەی یەکەم لە‌لایەن حیزبێکەوە پشتگیری دەکرا کە سه‌ر به‌و بوو – هه‌میشه ڕێزی لە پێویستیی بوونی حیزبەکان گرت. هەروەها لە ئورووپای ڕۆژهەڵات و عیراقی پاش سەددام و تونسی پاش بن عەلیش، سەرەڕای پێکهاتنی ئەنجومەنگەلێک بۆ به‌ڕێوه‌بردنی قۆناغی تێپەڕین، سەرجەم کەسایەتییە‌کانی ئەندامی ئەو ئەنجومەنانە نوێنەری حیزب و لایەنە سیاسییەکان بوون.
ئەوانەی نیگه‌رانی ڕۆڵی حیزبه‌کان لە ئێراندان، تەنانەت سەرنج نادەنە ئەوه کە بۆخۆیان ئیدیعای خەبات به‌دژی ڕێژیمێک دەکەن کە – هەروەک ڕێژیمی پێشوو- یەکێک لە گرینگ‌ترین تایبه‌تمه‌ندییه‌کانی دژایەتی له‌گه‌ڵ چالاکیی ئازادانەی حیزبەکان و خودی دیاردەی حیزبایەتییه. له‌و شوێنه‌ی لوتکەی سازانی محەمەد ڕەزا شای پەهلەوی لەگەڵ ته‌حه‌زوب دامەزراندنی حیزبی ڕه‌ستاخیز بوو، خومەینی هات و گوتی "تەنیا یەک حیزب هەیە، ئەویش حیزبوڵڵایە!" و بە درێژایی مێژووی کۆماری ئیسلامی، گەمەی سیاسیی نێو ڕێژیم لە دەوری کەسایەتییە‌کانی جێگای قبووڵی ڕێژیم خولاوەتەوە، نەک لەسەر بنەمای حیزب و لایەنە سیاسییەکان.
به‌و پێیه، هۆکاری دژایەتی لەگەڵ بە بنەمادانانی حیزبەکان بۆ پێکهێنانی هاوپەیمانی لە ئێران‌دا لە دوو حاڵەت تێ‌ناپەڕێ: ١/ بێبەش بوونی دژبەرانی حیزبایەتی لە پێگەی جەماوەری و هەوڵدان بۆ دروستکردن یان سه‌پاندنه‌وه‌ی مەشرووعیەتی سیاسی لە دەرەوە و لە سەرەوەی چوارچێوه نه‌ریتی و دامەزراوەییەکان؛ ٢/ ترس لە بیسترانی دەنگی ڕوونی خەڵک بەتایبەت لە بەستێنی ناسنامەخوازیدا لەڕێگەی دروستکردنی کاکۆفۆنی (تێکەڵکردنی دەنگە ناسازەکان).
ئه‌و بابه‌ته لە ڕوانگەی گەلانی ژێرده‌سته‌ی ئێرانەوە
گەلانی ژێرده‌سته‌ی ئێران و حیزبەکانیان بەتایبەت لە کوردستان (وەک سیاسیترین و ڕێکخراوترین بەشی ئێران) کێشەی سەره‌کییان لەگەڵ هەردوو پێشنیاری ئاماژەپێکراو هه‌یه و مه‌به‌ستی مه‌زنیخوازانه و خۆسەپێنانە له‌پشت ئه‌و پێشنیارانه‌وه دەبینن. سەبارەت بە سروشت و فۆرمی ڕێژیمی داهاتوو، ئەو حیزبانە له‌مێژه خاوەن ویستی ڕوون و گه‌ڵاڵه‌کراو لەپێوهندی له‌گه‌ڵ بەفەرمی ناسینی پێکهاتەی فرەنەتەوەی ئێران و جێبەجێ کردنی فۆرمۆلی فیدڕالیزم لەسەر بنەمای ناسنامەی نەتەوەکانی نیشتەجێی ئەو وڵاتە‌ن و بۆ وەدیهێنانی ئەو داواکارییانەش "کۆنگرەی نەتەوەکانی ئێرانی فیدڕاڵ"یان دامەزراندووە. هه‌ر لە درێژەی ئەو ستراتیژییه‌دا، لە ڕۆژانی ڕابردوودا ڕۆژنامەی "کوردستان" ئۆرگانی ناوەندیی حیزبی دیمۆکڕاتی کوردستانی ئێران لە مانشێتی تازەترین ژمارەی خۆیدا، بەفەرمی ناسینی فرەنەتەوایه‌تی لە ئێران و گەرەنتیی مافە نەتەوەییەکانی کوردی وه‌ک مه‌رجی بەشداریی ئه‌و حیزبه لە هەر چه‌شنه هاوپه‌یمانییه‌ک لە ئاستی سەراسەریدا ڕاگەیاند.
تا ئەو جێگایەش که دەگەڕێتەوە سه‌ر ڕۆڵی حیزبەکان، هه‌ر ئه‌وه‌نده به‌سه ئاماژە بە نموونەیەکی مێژوویی له‌دوای ئینقلاب بکەین. کاتێک پاییزی ١٣٥٨ خومەینی بەدوای خۆڕاگریی خەڵک و حیزبەکانی کوردستان لە به‌رامبه‌ر فەتوای جیهادەکەی تاکتیکی وتووێژی گرته به‌ر، کۆمەڵێک لایەن دژایەتییان لەگەڵ بەشداریی دیارترین کەسایەتیی سیاسیی کوردستان واتە دوکتور قاسملوو لە هەیئەتی نوێنەرایەتیی گەلی کورددا دەکرد، بەو بیانووە کە ناوبراو سکرتێری حیزبی دیمۆکراتی کوردستان بوو. دوکتور قاسملوو لە وەڵامدا گوتبووی:"ڕێک لەبەر ئەوەی سکرتێری حیزبی دیمۆکڕاتم، لە هەیئەتەکەدا دەبم"!
ڕوونبوونه‌وه‌ی ڕیزبەندییه‌کانی نێو ئۆپۆزیسیۆن، قووڵبوونەوەی کەلێنەکان، دوورەدیمەنی ڕێبەریی سیاسی
حەوتووی ڕابردوو یەکێک لە ده‌وڵه‌مه‌ندترین حەوتووەکان بۆ ڕوونبوونه‌وه‌ی ڕیزبەندیی نێو ئۆپۆزیسیۆنی ئێرانی لە دوورەدیمەنی ڕووخانی کۆماری ئیسلامی‌دا بوو. تەنیا چەند ڕۆژ دوای بەرجەستەبوونی ئەو باسانە و بڵاوبوونەوەی مانشێتی ڕۆژنامەی "کوردستان"، سیما و لایه‌نی دڵخوازی لایه‌نگرانی پێشنیاره‌کانی سه‌ره‌وه، ته‌بلیغاتغ‌چییه‌کانی خۆیانیان غافڵگیر کرد و بۆ چه‌نده‌مین جار ڕێکخراوێکیان دامه‌زراند که ئه‌مجاره ناویان لێ نا "حزب ایران نوین". بەدەر لە کێشە سیاسی و فەلسەفییەکانی مەرامنامەی به‌ناو حیزبێک که بۆ بنیاتنانی ئێرانێکی نوێ تەنانەت ژیریی هەڵبژاردنی ناوێکی تازه‌ی نیه و وا دیاره به‌نیازه تاقیکراوه سه‌رله‌نوێ تاقی بکاته‌وه، بە چاوخشاندنێکی سەرپێییی بەو مەرامنامەیە بۆمان ده‌رده‌که‌وێ کە ئەو ڕەوتە تا چ ڕادەیەک دژی بەفەرمی ناسینی نەتەوەکان لە ئێران‌دا و ڕەنگدانەوەی فرەیی ئیتنیکی لە بەستێنی گشتی و حکوومەتی‌دایه.
لەکاتێکدا که حیزبەکانی کوردستان به سینگفراوانی و به‌دوور له ده‌مارگرژی به‌شداری له باس و خواسه‌کانی پێو‌ه‌ندیدار به پرسی هاوپه‌یمانی و ئالترناتیڤدا ده‌که‌ن و سەرەڕای باوه‌ڕیان به مافی دیاریکردنی چارەنووسی گەلی کورد، هێشتا لایه‌نگری پێکه‌وه‌ژیان لە چوارچێوەی ئێراندان، ناوەندگەرایانی تەواویەتخواز لە دەرەوەی وڵات هه‌روا له‌سه‌ر هەڵوێستی توندئاژۆیانه و ئینکارگه‌رایانه‌یان له‌ئاست نه‌ته‌وه‌کانی ئێران سوورن. لە چاره‌ڕه‌شیی گه‌لانی ئێران، لە پانۆڕامای لایەنە دیارتره‌کانی نێو ئۆپۆزیسیۆنی ئێرانی‌دا، ئه‌و به‌شه که زۆرترین ده‌ستڕۆیشتوویی مێدیایی هەیە (ژاکۆبینیستە ئێرانییەکان) و ئه‌و به‌شه که زۆرترین نفووزی مەیدانیی هەیە (حیزبەکانی کوردستان) زۆرترین مەودای سیاسی‌یان پێکه‌وه هه‌یه. گۆشه‌که‌ی تری ئه‌و سێگۆشه بێ‌شانسه‌ش ڕێکخراوی موجاهیدینی خه‌لقه که سەرەڕای بەفەرمی ناسینی مافی خودموختاریی کوردەکان، دوای تێپەڕینی چەند دەیە ئێستاش ڕوون نییە لە سبه‌ینێی ئێران‌دا به‌نیازن تاقیکاریی دێموکرات بوون و سێکۆلار بوون چلۆن ده‌رباز بکه‌ن.
ئەگەر سروشت و ڕوانگەی لایەنە دیارەکانی ئۆپۆزیسیۆنی ئێرانی وه‌ک خۆی بمێنێتەوه و ئه‌و لایه‌نانه ئامادە نەبن لەپێناو گەیشتن بە سەنتێزێکی سیاسی له ئێران‌دا مایە لە بۆچوونه‌کانی ڕابردوویان دابنێن، لەوانەیە قازانجی نەتەوە ژێردەستەکانی ئێران (بەتایبەت لە کوردستان و بەلوچستان و ئه‌هواز که باری قورسی شۆڕشی ئه‌مجاره زۆرتر لەسەر شانی وانە) چیدیکه لەوەدا نەبێ کە گرینگی بە ڕوانگە و بۆچوونی ئەو لایەن و کەسایەتییانە بدەن. ئاقاری جێگرەوە، یەکگرتوویی ئەو نەتەوانە چ لەنێو خۆیاندا و چ لەگەڵ هێزە چەپەکان له چوارچێوه‌ی ئه‌و هاوپه‌یمانییانه‌دا که هه‌ر ئێستا هه‌یانه و تەنانەت بوونیان بە مەرجەعییەتی سەرەکیی سیاسی لە ئێراندایه.
ئەگەر قەرار بێ دابەشکردنی دەسەڵات لە ئێرانی داهاتوودا سه‌ره‌نجام له‌گه‌ڵ واقعیاتی مێژوویی و دێمۆگرافیی ئه‌و وڵاته یه‌ک بگرێته‌وه و بنیاتی دەسەڵاتدارێتی بەکردەوە دیمۆکڕاتیک و دادپەروەرانە بکرێ، بۆچی دەبێ مەرجەعیەتی سیاسی لە ئێران‌دا ئەو ڕوخسارانە بن کە لەڕێگای تویتەر و مۆنۆپۆلی میدیاییەوە هەوڵ بۆ جێ خستنیان دەدرێ؟ بۆچی نابێ ئەو مەرجەعیەتە ناوه‌نده‌کانی قورسایی شۆڕشی ژینا، ناوەندی هاوکاریی حیزبەکانی کوردستانی ئێران و مەو‌له‌وی عه‌بدولحه‌مید بێ کە له مه‌یداندا ته‌نگیان به کۆماری ئیسلامی هه‌ڵچنیوه و لەو پێناوەدا تێچوو ده‌ده‌ن؟
***
وه‌رگێڕانی له فارسییه‌وه: ڕه‌حمان سه‌لیمی
ئەم بابەتە لە ژمارەی٨٣٩ی ڕۆژنامەی کوردستان بڵاو کراوەتەوە.