کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

هەڵاواردنی ئاشکرا لە کەرتی خوێندنی باڵا؛ کوردستان قوربانیی سیاسەتی نایەکسانیی ڕێژیم

17:30 - 22 خەرمانان 2725

بەرپرسی زانکۆی کوردستان لە نوێترین قسەکانی خۆیدا بەپێچەوانەی ئیدعای بەرپرسانی ڕێژیم لەمەڕ دادپەروەریی کۆمەڵایەتی، پەردەی لەسەر هەڵاواردنی ئاشکرا لە بیاڤی خوێندنی باڵا لەم پارێزگایە لا دا.

عادڵ سێ و سێ مەردە، بەرپرسی زانکۆی کوردستان، لە هەفتاوهەشتەمین دانیشتنی زانکۆکان و ناوەندەکانی خوێندنی باڵادا کە ڕۆژی ٢٠ی خەرمانان لە سنە بەڕێوە چوو ڕایگەیاند: "پارێزگای سنە لە نێوان ٣١ پارێزگادا، کەمترین بوودجەی خوێندنی باڵای هەیە."

زانکۆی کوردستان بە زیاتر لە ١٢ هەزار و ٤٠٠ خوێندکار لەوانە ٥٢٠ خوێندکاری بیانی و نزیکەی ٤٠٠ ئەندامی لێژنەی زانستی، لە باری پێنوێنە زانستی و لێکۆڵینەوەییەکانەوە لە ١٥ زانکۆی یەکەمی ئێرانە کە سەرەڕای ئەم پێگە زانستییە، نەتەنیا بەشی دادپەروەرانە لە بوودجەی بەر ناکەوێ، بەڵکوو خەوتنگەکانی داڕماون، ژینگەی وەرزشییەکەی کەمە و کێشەگەلی وەک نەبوونی تاقیگە و ئێمکاناتی ستانداردی هەیە.

ئەم دۆخە نموونەەیەکی ئاشکرا لە هەڵاواردن لە کەرتی پەروەردە و ئاکامی ڕاستەوخۆی ڕوانینی ئەمنییەتی و سیاسیی ڕێژیم بۆ کوردستانە؛ لەکاتێکدا کە زانکۆکان لە پارێزگاکانی دیکە بوودجەی زۆریان هەیە، خوێندکارانی کوردستان سەرەڕای کیشەی ئابووری، کۆمەڵایەتی و سیاسی دەبێ بەرەوڕووی کێشەی وەک کەمیی ئێمکاناتی خوێندن ببنەوە.