کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بەڕێوەچوونی خۆپیشاندانێک لە وڵاتی کانادا

10:12 - 2 رێبەندان 2722

خۆپیشاندانێک لە ڤانکۆڤێری وڵاتی کانادا، بە مەبەستی پشتیوانی لە ڕاپەڕینی خەڵکی کوردستان و ئێران بەڕێوە چوو.

ڕۆژی شەممە ١ی ڕێبەندانی ١٤٠١ی هەتاوی بە بەشداریی سەدان کەس لە نەتەوەکانی ئێران و بە تایبەتی کوردانی دانیشتووی ڤانکۆڤێری کانادا، بە مەبەستی پشتیوانی لە گەلانی ڕاپەڕیوی ئێران و هەروەها گوشار خستنە سەر دەوڵەتی کانادا بۆ ئەوەیکە سپای تێرۆریستی پاسدارانی ڕێژیمی ئێران بخاتە لیستی تێرۆرەوە، خۆپیشاندانێک لە شاری ڤانکۆڤێری کانادا بەڕێوە چوو.

کۆمیتەی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، وەکوو یەکێک لە ڕێکخەرانی ئەو خۆپیشاندانە لەسەر بارودۆخی شارەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و هەروەها دۆخی ئەمنییەتیی پارێزگای بەلووچستان پەیامێکی هەبوو کە لەلایەن خاتوو "ژینۆ کەریمی" پێشکەش بە بەشداربووان کرا.

لە بەشێکی دیکەی خۆپیشاندانەکەدا، "خودا بەخش ڕەئیسی"، نوێنەری بەلووچەکانی دانیشتووی ڤانکۆڤێر، ڕاپۆرتێکی لەسەر جینایەتەکانی ڕێژیم لە کوردستان و بەلووچستان پێشکەش بە ئامادەبووان کرد.

جێگەی ئاماژەیە کە خۆپیشاندانەکە بە سروودی شۆڕشگێڕانە و موزیکی کوردی و هەڵپەڕکێ بە مەبەستی خۆشی دەربڕین سەبارەت بەوەیکە پارلمانی ئورووپا دەنگی بە بە تێرۆریست ناساندنی سپای پاسدارانی ڕێژیمی ئێران داوە، کۆتایی پێ هات.