کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

سزادانی ٤٣ چالاکی سێنفیی مامۆستایانی کوردستان لەلایەن ڕێژیمەوە

12:16 - 2 رێبەندان 2722

ڕۆژی یەکشەممە ٢ی ڕێبەندان ئەنجوومەنی هاوئاهەنگیی ڕێکخراوە سێنفییەکانی مامۆستایان ڕایگەیاند کە ٤٣ چالاکی سێنفیی مامۆستایان لە شارەکانی سەقز، دیواندەرە، سنە و مەریوان لەسەر بڕیاری شۆرای ئەمنییەتی میللیی ڕێژیم سزای نەختی کراون.

لە ماوەی دوو مانگی ڕابردوودا، ٦ میلیۆن تمەن لە مووچەی هەر یەکێک لەو ٤٣ چالاکە سێنفییەی مامۆستایانی کوردستان بڕدراوە و ئاگادار کرانەوە کە ئەم دۆخە تا کۆتایی مانگی جۆزەردان بەردەوام دەبێت، هەروەها هەڕەشەیان لێ کردوون کە لە ئەگەری بەردەوامییان لە ناڕەزایەتی دەربڕین و پشتیوانی لە ناڕەزایەتییەکانی خەڵکی ئێران، ئەو سزایە هەروا درێژەی دەبێت.

بەڕێوەبەرانی پەروەردە و بارهێنان هۆکاری سزای نەختیی چالاکوانانی سێنفی بۆ بەشداریی مامۆستایان لە مانگرتنی گشتی گەڕاندووەتەوە.

مامۆستایان لە شارەکانی کوردستان لە ماوەی ڕۆژانی ١و ٢ ی خەزەڵوەری ١٤٠١ی هەتاوی، لە ناڕەزایەتی بە کوژران و دەسبەسەرکردنی قوتابییان، مانیان گرتبوو.

دوای ڕاپەڕینی سەرتاسەریی گەلانی ئێران، ئەنجومەنی سێنفیی مامۆستایانی کوردستان ڕایگەیاندبوو کە پشتیوانی لە خەڵک دەکات و هەوڵی هێزە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیمی ئێران لەهەمبەر چوونە نێو قوتابخانەکان و تەقەکردن لە قوتابییان بە توندی مەحکووم دەکات و چەندین بانگەوازی مانگرتنی دەرکردبوو.