کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

مستەفا هیجری: هێز لە یەکگرتووییدایە

00:00 - 21 بەفرانبار 2722

بەرپرسی ناوەندی بەڕێوەبەریی گشتیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە دیمانەیەک لەگەڵ هەواڵدەریی "شەرقولئەوسەت" وتی: "ئێمە لە ئێراندا لەگەڵ ڕێژیمێکی دیکتاتۆر و دواکەوتوودا ڕووبەڕووین کە هەر جۆرە ئازادییەک سەرکوت دەکات".

کاک "مستەفا هیجری" بەرپرسی ناوەندی بەڕێوەبەریی گشتیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لەسەر یەکگرتنەوەی هەر دوو باڵی حیزب لە وتووێژێک لەگەڵ هەواڵدەریی "شەرقولئەوسەت" وتی: ئێمە ساڵانێکە لە حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران بۆ دەستەبەرکردنی ئازادی و دێموکراسی و دژ بە ڕێژیمی دیکتاتۆری ئێران خەبات دەکەین، بەڵام تا ئێستا بەداخەوە خەباتی ئێمە وڵامدەر نەبووە و هۆکارەکەشی پەرتەوازەیی و یەکنەگرتوویی نێو ماڵی کورد بووە و هەرلەم ڕوانگەیەوە ڕێبەرانی هەر دوو باڵی حیزبی دێموکرات، پاش چەندین ساڵ دابڕان و بەهۆی ئەوەیکە دەمانویست بزووتنەوەی کورد لە کوردستانی ڕۆژهەڵات جێگەوپێگەی ساڵانی پێشووی خۆی بەدەست بێنێتەوە، بڕیارمان دا یەک ‌بگرینەوە و ئەو یەکگرتنەوەیەی دێموکراتەکان بووەتە هۆی دڵگەرمیی زیاتری ڕیزەکانمان چ لە دەرەوەی وڵات و چ لە نێوخۆی وڵات.

ناوبراو لە بەشێکی دیکەی وتەکانیدا سەبارەت بە یەکگرتوویی و یەکڕیزیی هێزە سیاسییە کوردستانییەکان وتی: ئێمە لە ئێستادا ناوەندێکمان بە ناوی ناوەندی هاوکاریی حیزبەکانی کوردستان هەیە و بە خۆشحاڵییەوە هاوپەیمانیەتیمان لەگەڵ حیزبە ئۆپۆزیسیۆنە ئێرانییەکانی دیکەش لە دەرەوەی وڵات هەیە.

کاک "مستەفا" هەروەها وتیشی: ئامانجی ئێمە وەکوو حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، دامەزراندنی ئێرانێکی فیدراڵ و دێموکراتیک و هەروەها سێکۆلارە و بۆ گەییشتن بە ئامانجەکانیشمان پێویستە لەگەڵ هەموو ئۆپۆزیسیۆنی دژبەری دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامیی ئێران یەکگرتوو بین.

ناوبراو لەسەر جێگیرکردنی فیدراڵی لە ئێران وتی: خەڵکی کوردستان و هەروەها هەموو نەتەوەکانی دیکەی ئێران دەبێ حکوومەت و دەسەڵاتی خۆیان هەبێت و لە چوارچێوەی یاسایەکی بنەڕەتیی دێموکراتیکدا لە ئێران چالاکی بکەن و ئەو کاتەیە کە هەموو نەتەوەکانی ئێران، ئێران بە ماڵی خۆیان دەزانن.

کاک "مستەفا هیجری" لە وڵامی ئەو پرسیارەدا کە "ئێرانییەکان ئێوە بە جیاییخواز دەزانن"، وتی: ئەو تۆمەتانە پێش لە هاتنەسەرکاری کۆماری ئیسلامیی ئێرانیش لەلایەن حکوومەتی پەهلەوییەوە بە مەبەستی ڕووبەڕووبوونەوە لەگەڵ داواکارییەکانی حیزبی دێموکرات هاتووەتە ئاراوە و ئێستاش کۆماری ئیسلامیی ئێران درێژەدەری ئەو تۆمەتەیە و ئەو تۆمەتانە تەنیا بە مەبەستی لەباربردنی خەبات و شۆڕشی ئازادیخوازانەی گەلی کوردە لە چوارچێوەی ئێراندا، لەلایەکی دیکەشەوە بیانوویەکە بۆ سەپاندنی سزای قورس بەسەر چالاکانی حیزبی دێموکرات و هەروەها خەڵکی کوردستان لە دادگا نادادپەروەرەکانی کۆماری ئیسلامیدا و ئێمە و هیچ حیزبێکی ناسراوی دیکەی کوردستانی داوای جیایی لە ئێرانمان نەکردووە.

بەرپرسی ناوەندی بەڕێوەبەریی گشتیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لەسەر پرسی ئاڵترناتیڤ و جێگرەوەی بۆ دەسەڵاتی ئێستای ئێران وتی: بەداخەوە هێندێک ڕێکخراوی سیاسیی "توتالیتێر" پێیان وایە کە بە تەنیایی دەتوانن کۆماری ئیسلامیی ئێران بڕووخێنن و حکوومەتێک بە خواست و ویستی خۆیان دابمەزرێنن، بەڵام دەبێ هەموو هێزە سیاسییەکانی دژبەری کۆماری ئیسلامیی ئێران بە پلاتفۆرمێکی هاوبەشەوە لەگەڵ یەک هاوکاری بکەین و ئەو شۆڕشە لە چوارچێوەی داواکارییەکانی گەلانی ئێراندا ببەینە پێشەوە.

ناوبراو لەسەر بارودۆخی ئێستای ئێران زیادی کرد: لە ئێستادا خاڵی بەهێزی ئەو شۆڕشە سەرتاسەرییە کە لە کوردستانەوە دەستی پێ کرد و هەموو ئێرانی گرتووەتەوە ئەوەیە کە ئەمجارە هەموو گەلانی ئێران یەکدەنگ و یەکدەست ڕووبەڕووی کۆماری ئیسلامیی ئێران بوونەتەوە و داوای مافە زەوتکراوەکانیان دەکەن.

کاک "مستەفا" هەروەها لەسەر دواڕۆژی ئەو ڕاپەڕینانەی گەلانی ئێران وتی: تاکوو ئەو کاتەی شۆڕشی خەڵک بە شێوەیەکی یەکگرتووانە بەرەوپێش نەچێت، ئەگەری ئەوە هەیە کە کۆماری ئیسلامی بتوانێت بە سەرکوت و کوشتنی زۆری خەڵک بۆ ماوەیەک ئاگری ئەو شۆڕشە بکوژێنێتەوە، بەڵام بۆ بەردەوامبوونی ئەو شۆڕشە دوو خاڵ زۆر گرینگە، یەکەم ئۆپۆزیسیۆنی ئازادیخواز و دێموکراتی ئێران دەبێ لە بەرنامەیەکی هاوبەشدا ئەو خەڵکە ڕێبەری بکات، دووەم دەبێ خەڵک خۆڕاگر بن و شەقامەکان چۆڵ نەکەن، لەبەر ئەوەیکە ڕووخانی کۆماری ئیسلامی پێویستی بە بەربەرەکانێی زۆر هەیە.

کاک "مستەفا" لەسەر دەورونەخشی ژنان لەو ڕاپەڕینەدا بەتایبەتی ژنانی کوردستان وتی: ژنانی کوردستان لە ساتەکانی یەکەمی ئەو ڕاپەڕینەوە هاودەنگ لەگەڵ ژنانی ئێران دژ بە حکوومەتی کۆماری ئیسلامی ڕژاونەتە سەر شەقامەکان و ئێستا ژنانی گەلانی ئێران بە تایبەتی ژنانی کوردستان لە سەرکوتی  هێزەکانی ڕێژیم ناترسن و من لەسەر ئەو باوەڕەم کە ژنان چالاکانەتر لە پێش ڕووبەڕووی کۆماری ئیسلامی دەبنەوە و داوای مافەکانیان دەکەن.

ناوبراو لە درێژەی وتووێژەکەدا لەسەر هێرشی مووشەکیی سپای تێرۆریستی پاسدارانی ڕێژیمی ئێران بۆ سەر بنکە و بارەگاکانی حیزبی دێموکرات وتی: ڕێژیمی ئێران ناتوانێت بە مووشەکبارانکردنی بنکە و بارەگاکانمان دەنگی حیزبی دێموکرات و هەموو حیزبە سیاسیەکانی دیکە لە نێوخۆ کپ بکات.