کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بەڕێوەچوونی سیمینارێک بەبۆنەی ٢ی ڕێبەندان، لە وڵاتی نۆروێژ

17:17 - 2 رێبەندان 2722

لە وڵاتی نۆروێژ لەلایەن کۆمیتەی حیزبی دێموکراتەوە، سیمینارێک بەبۆنەی ٢ی ڕێبەندان، ساڵڕۆژی دامەزراندنی کۆماری کوردستان بەڕێوە چوو.

ڕۆژی شەممە ١ی ڕێبەندانی ١٤٠١ی هەتاوی، کۆمیتەی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە وڵاتی نۆروێژ، بە ئامادەبوونی بەشێکی بەرچاو لە ئەندامان و لایەنگرانی حیزب و چەندین کەسایەتیی لایەنە سیاسییەکانی کوردستانی نیشتەجێ لەو وڵاتە، سیمینارێکی بە بۆنەی ٧٧ـەمین ساڵڕۆژی دامەزرانی کۆماری کوردستان، لەژێر ناوی ٢ی ڕێبەندان، بۆ بەڕێزان "حەسەن حاتەمی و هاشم ڕۆستەمی"، چالاکانی سیاسی بەڕێوە برد.

سەرەتای سیمینارەکە بە سروودی نەتەوایەتیی ئەی‌ ڕەقیب و ساتێک بێدەنگی بۆ ڕێزگرتن لە گیانی پاکی شەهیدانی کوردستان دەستی پێ کرد و "سمایل عەلیپوور"، بەرپرسی گشتیی کۆمیتەی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە نۆروێژ، وتارێکی سەبارەت بە یەکگرتنەوەی بنەماڵەی گەورەی حیزبی دێموکرات دوای ١٦ ساڵ دابڕان کرد و وتی: یەکگرتنەوەی دێموکراتەکان گڕوتینێکی تایبەتی داوە بە خەبات و تێکۆشان لەناو تێکۆشەرانی حیزبەکەمان و لە ڕۆژهەڵاتی کوردستانیش هەموو ئەوینداران و ڕێبوارانی ڕێبازی کۆماری کوردستان بەو یەکگرتنەوە دڵخۆش بوون و زیاتر لە جاران بە دەم ویست و بانگەوازەکانی حیزبی دێموکراتەوەن.

دواتر بەڕێز "حەسەن حاتەمی" لە باسەکەیدا ئاماژەی بە مێژووی کۆماری کوردستان و کاریگەریی ٢ی ڕێبەندان لەسەر بیری نەتەوەیی کورد کرد.

بەشی کۆتایی سیمینارەکە، بەڕێز "هاشم ڕۆستەمی" باسێکی پێشکەش بە ئامادەبووان کرد کە لە باسەکەیدا، وێڕای ئاماژەدان بە مێژووی کۆماری کوردستان باسی لە دەسکەوت و خاڵە لاوازەکانی کۆماری کوردستان کرد و بەشداریی بارزانییەکان بۆ پشتیوانی لە یەکەم کۆماری کوردی بە یەکێک لە دەستکەوتە مێژووییەکانی ئەو کۆمارە وەسف کرد و وتی: یادکردنەوەی کۆماری کوردستان و بەڵگە مێژووییەکان، پێویستە ئەزموونی لێ وەربگرین و ئەو هەڵە مێژووییانە لە هەلومەرجی ئێستای کوردستاندا دووپات نەکەینەوە.

جێگای ئاماژەیە کە هونەرمەندان "قادر ئەلیاسی، هێدی قادری و شێرکۆ مەریوانی" بە پێشکەشکردنی چەند سروودێک بەشدارییان لە سیمینارەکەدا کرد.