"مەولوود سوارە"، ئەندامی ڕێبەریی حیزبی دێموکرات، نامیلکەیەکی بە زمانی ئینگلیزی لە ڕۆژی ٢ی ڕێبەنداندا چاپ و بڵاو کردەوە کە تایبەتە بە شۆڕشی ژینا و کۆمەڵێک بابەتی تایبەت و گرینگی تێدا بەرچاو دەکەون.
ڕۆژی یەکشەممە ٢ی ڕێبەندانی ١٤٠١ی هەتاوی، بەبۆنەی ٧٧ـەمین ساڵوەگەڕی دامەزرانی کۆماری کوردستان، بەڕێز "مەولوود سوارە" وێڕای پیرۆزبایی لە سەرجەم هۆگرانی کۆماری کوردستان و ڕێبوارانی ڕێبازی پڕ لە شانازیی پێشەوای نەمر، قازی محەممەد، وتی: ئەم نامیلکەیە پێشکەش بە شۆڕشی ژینا، شۆڕشگێڕانی شاخ و شار و شەقام دەکەم و هیوادارم ئامانجەکانی کۆماری کوردستان و خەونی لەمێژینەی گەلەکەمان بەم زووانە بێتە دی.
کۆمەڵێک لەو بابەتانەی كە لەو نامیلكەیەدا هاتووە، بریتین لە: هێرشە مووشەكی و دڕۆنییەکانی كۆماری ئیسلامی بۆ سەر بنكە و بارەگاكانی تێكۆشەرانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، وتووێژ و پەیامی بەڕێز مستەفا هیجری، بەرپرسی ناوەندی بەڕێوەبەریی گشتیی حیزبی دێموكرات و بەڕێز خالید عەزیزی وتەبێژی حیزب و ڕاگەیەندراوەكانی ناوەندی هاوكاریی حیزبەكانی كوردستانی ئێران، پەیامی ئەنتەرناسیونال سۆسیالیست و نامەیەكی سەرئاوەڵا، ئاماری ئێعدام و شەهیدانی شۆڕشی ژینا لە ڕۆژهەڵاتی كوردستان.