بێهزاد خۆشحاڵی
نەوەی z کە لە مێژووی نزیکدا بە هەمەچەشنترین نەوە ناسراون و پێیان دەگوترێت نەوەی ڕەسەنی دیجیتاڵی، نەوەیەکن لە بازنەی تەمەنی لە دوایین دەیەی سەدەی بیستەمەوە تا نێوەڕاستی دەیەی یەکەمی سەدەی بیست و یەکەم، کە ئەم تایبەتمەندییە هاوبەشانەیان هەیە:
دیدگای سیاسی پێشکەوتنخوازانەیان هەیە، ئاسوودەن لەگەڵ تەکنەلۆژیا، چالاکن لە سۆشیال میدیا، سەرنجیان لەسەر دارایی کەسی هەیە، زۆر پراگماتیکن، زۆر کارگێڕن، تایبەتمەندیی دیجیتاڵییان هەیە و فرە ئەرکن. هەروەها ڕاهاتوون بەخێرایی لە نێوان بەرنامەکاندا بجووڵێن و ڕەنگە ڕوانگەیەکی هاوشێوە لە پڕۆژەکانی کارەکانیاندا بگرنەبەر.
لەگەڵ زیادبوونی پەیوەندییە جیهانییەکان، نەوەی نوێ گۆڕانکاریی قووڵی چۆنایەتیی بەخۆیەوە بینیوە. بە دەرککردن بە پێویستیی دیالۆگ و کردار بۆ چارەسەرکردنی ناکۆکی و باشترکردنی جیهان لەم روانگەوە ڕێگا دەکەن و گرنگییەکی بنەڕەتیی هەیە بۆ ژیانیان، بە سەیرکردنی پێناسەی جیهانی ناسنامەی تاکەکەسی خۆیان پێناسە دەکەن، خۆیان لەگەڵ ستانداردی زێڕینی جێهانی دەگۆنجێنن، و لە چاویلکەی کۆمپیوتەر و مۆبایلە زیرەکەکانەوە ئەوان سەیری جیهان دەکەن.
بەراوردێک
سەبارەت بە نەسڵی یەکەم و دووهەمی شۆڕش کە نموونەکانی وەکوو شۆڕشی ئێنگلترا، فەڕانسە، ڕووسیە و چین ناو دەبرێن، ئەم تایبەتمەندییانە هەژمار دەکرێن:
ئێدغامی ڕێبەری، ئایدیۆلۆژی، پڕۆسەگەلی بەفەرمی ناسین، پێکهاتەی چینایەتی، گۆڕانکاریی خێرا لە دەوڵەتان.
لە نەسڵی سێهەمیشدا، خەسارهەڵگری پێکهاتەیی، حکوومەتی داڕماو، هەڵبژاردنی عەقڵانی، بێسامانیێ نێوان سێکوچکەی حکوومەت، ئێلیت و چینی خواروو، دواجار خۆپیشاندان و مانگرتن، وەکوو گرینگترین تایبەتمەندییەکان ناسراون.
لە نەسڵی سێهەمی شۆڕشەکان، بڕێکی بەرچاو لەم شۆڕشانە بەرەوە دیکتاتۆری پۆپۆڵیستی، بەسیجی خەڵکی، ئایدیۆلۆژیسم و سیاسەتی ناکۆکی ڕۆیشت وەک نموونەگەلی ئێران و نیکاراگوای.
دوای نەمانی کۆمۆنیزم و فاشیزم و هەنووکە کە حکوومەتی ئیسلامیی ئێرانیش دوایین هەناسەکانی ئەدات، نیوەرۆکی ئایدیۆلۆژیکبوونی شۆڕشەکان، چیدیکە نابینرێت بەڵام ڕواڵەتێکی هاوبەش دەبینرێت کە ئەم تایبەتمەندیگەلەی هەیە کە کەم و زۆر هاوشێوەی شۆڕشەکانی نەسڵەکانی پێشووترن:
هەوڵدان بۆ گۆڕینی سیستەمی سیاسی، هاوار بۆ نەزمێکی نوێی دادوەرانە، ڕاپەڕینی جەماوەری، هەنگاوی نادامەزراوەیی وەک خۆپیشاندانی بەرین، ناڕەزایی دەربڕین، مانگرتن و توندوتیژی.
لێرەدا ئەچینە نێو شۆڕشی ژینا و تایبەتمەندییەکانی کە پیشاندەری دەسپێکی نەسڵی نوێی شۆڕشە.
جێگای ئاماژەیە کە بۆ لێکدانەوەی شۆڕش، پێویستە "هۆکار" و "پڕۆسە" و "ئەنجامەکان" خوێندنەوەی بۆ بکرێت، بەڵام لەم وتارەدا بە پشتبەستن بە هۆکار و پڕۆسە، لێکدانەوەی خۆم پێشکەش ئەکەم و بێگومان، دواتر دەتوانرێت بە سەرنج خستنە سەر ئەنجامی شۆڕش، خوێندەکانم گۆڕانکاری تێدا درووست بێت.
بەرەو نەسڵی نوێی شۆڕش
یەک: شۆڕشی ژینا هەم ئاخێزگەی پێکهاتەی ئابووریی هەیە هەم پێکهاتەی کۆمەڵایەتی و هەم پێکهاتەی سیاسی
دوو: ڕێبەر یان ڕێبەرانی نییە کە وەک هێما ئاماژەیان پێ بدرێ.
سێ: داڕمان لە ناوەند دەستی پێ نەکردووە.
چوار: خەریکە ڕوو لە ئاوێتەبوون و تێکەڵە و تەرکیب دەڕوات.
پێنج: ئایدیۆلۆژیک نییە. مەبەست لە ئایدیۆلۆژیکبوون لێرەدا ئەوەیە کە ئایاکوو ئایدیۆلۆژی وەک ڕۆڵی مامان بۆ لەدایکبوونی خولیایەکی کۆمەڵایەتی و سیاسی بێت؟ یان ئایدیۆلۆژی، پاڵنەر و ڕێنما و ڕێنوێنی ڕەها بێت؟ یان شەڕی ئایدیۆلۆژییەکان لە چەشنی "حەمامی خوێنی ستۆکهۆڵم" یان شەڕی ڕاست و چەپ یان هۆکاری کردەوەی سیاسی لە قۆناغێکی مێژووییدا بێت، وڵام "نا" یە. بە گشتی دەتوانین بێژین ئایدیۆلۆژیا خاڵی سەرەکی فۆڕماسیۆنی سیاسی و فەرهەنگی شۆرشی ژینا نییە.
شەش: وەکوو "نەخۆشیی ئابووری"، لە بەستێنی بازرگانیی بێسامانی نێونەتەوەیی ئێران گەشەی سەندووە، و نەبوونی تەعدیلکردنی داهاتەکان و گەندەڵی کاریگەری بووە.
حەوت: عەقڵییەتی شەبەکەیی سوارە لە سەری و شەبەکە وەک هۆشی دەسکرد، ڕێنوێنیی دەکات.
هەشت: خۆڕسک نییە، بەڵکوو شەبەکەڕسکە.
نۆ: بەسیجی نافەرمی درووست بووە لە ڕێگای سازماندانی گشتی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان.
دە: پێوەندی شەبەکە و سازمان و شوناس و ڕەگەز تێیدا تۆکمەیە. سازمانی خوێندکار و مەکتەب و کرێکارو ڕەگەزی ژنان و جەوانان لە قاڵبی ڕەگەی فێمێنیستی، خواستی حقووقی مەدەنی و خواستی ڕادیکاڵی جەوانان، بەرچاوە.
یانزدە: کردەوەی کۆی یاریچییەکانی شۆڕش لە سەر ئەساسی "شوناسی ناڕەزایی" (گشتی و تایبەت) دەبینرێت.
دوانزدە: دوو فاکتەری "توورەیی" و "خواستی گۆڕانکاری"، سەرەتا "هۆگری سۆزداری" درووست کرد و دواتر "هەستی شوناسی دژبەر" بە هۆکاری بەرچەسپ لێدان لەلایەن دەسەڵات، بەهێزتر بوو.
سیانزدە: لە چوارچێوەی فەرهەنگی داسەپاو یان فەرهەنگی غاڵبدا نەبوو بەڵکوو فەرهەنگی پەراوێزو دوورخراوە خۆی سەپاند.
چواردە: تەنیا لە ماوەی سێ ڕۆژدا، لە حاڵەتی سلبی تێپەڕی و ڕواڵەتی ئیجابی لە خۆ گرت و تەنانەت شوناسی مەفهوومی پەیدا کرد.
پانزدە: باوکسالار نەبوو.
شانزدە: کاریزمای نییە.
حەڤدە: ڕێبەریی شەبەکە، کاریگەریی ئاڵۆزی دانا
هەژدە: نە ڕێبەریی ئەرکتەوەری هەیە نە ڕێبەریی جەماوەری. مەبەست لە ڕێبەریی ئەرکتەوەر، ڕێبەرێکە کە ئێستراتژی کارا دیاری بکات، خشتەی زەمەنی دابنێت، ڕێوەبەری قۆناغ بکات و ئامانجی تایبەت دیاری بکات. هەروەها مەبەست لە ڕێبەری جەماوەری، ڕێبەرێکە کە ئیلهامبەخش بێت، هەستی شوناس ببەخشێت، هێز و وزە بدات بە خەڵک، ئاسۆی عیداڵەت پێشکەش بکات و پێناسەی نەزمی نوێ بکات.
نۆزدە: عەقڵییەتی شەبەکە، گرووپی بچووک بەڵام فیداکاریی درووست کرد.
بیست: "ڕێبەریی پرد" درووست بوو کە ئێستا هەم ئامانج و هەم ئەرکە سازمانییەکان تا ئاستی تاکەکان دیاری دەکات.
بیست و یەک: مۆئەلەفەی بەهێزی ڕەگەز و تەمەنی تێدایە.
بیست و دوو: چیدیکە سەرکوت نەک تەنیا لەمپەرو بەربەست نییە بەڵکوو ورووژێنەرو هەڵخرێنەرە.
بیست و سێ: "گوشاری لە ناکاو"ی تێدایە بە هۆکاری دوانەی "ئێمتیاز" و "سەرکوت" کە ئەبێتە "بەرگریی گشتیی چالاکانە".
بیست و چوار: ڕێژیمێکی بەهێز کە ڕووبەڕووی ئۆپۆزیسیۆنێکی لاوازە یان ئێمتیاز ئەدات یان سەرکوت ئەکات. لێرەدا چونکی عەقڵییەتی شەبەکە و دواتر شەقام لە ئۆپۆزیسۆن تێپەڕیوە، ئەم تاکتیکە چیدیکە وڵامدەر نییە.
بیست و پەنج: ڕژیم چووەتە قۆناغێک کە "دەرکی سووژە"کان ناکات ئیتر لەبەر ئەوەی کە "پاڵنەرەکان" گۆڕدراون، "پابەندییەکان" نەماون و "گرێبەستی کۆمەڵایەتی"ـی کۆن تێک چووە.
بیست و شەش: چیدیکە ئۆپۆزیسیۆن، "یەکەی بنەڕەتی"ـی بڕیاردەر نییە و شۆڕش خەریکە لە پێشانگەیەتی پارچەیی بەرەو پێشەنگایەتیی یەکپارچەیی شەقام، هەنگاو هەڵدەگرێت.
بیست و حەوت: مارپێچی خێراو غافڵگیرکەر درووست بووە.
ئەنجام
شۆڕشی ژینا ناتوانرێت بە ڕگڕێسیۆنی هێڵکاری ئانالیز بکرێت بەڵکوو پێویستی بە پەیکەربەندی فرە پاڕامێترەی سەربەخۆیە یان پێوەندیی پیچیدەی فرە پاڕامێتر یان ئەو مۆدێلەی کە پێی دەگوترێ "قاڵبی پانێل".
بەم هۆکارانەیە کە پێویستە چەمکێکی نوێ بۆ شۆڕشی ژینا، مەفهوومسازیی بکرێت و جارێکان، هەر بە شێوازی "پڕۆسە تەوەر"، خوێندنەوە بۆ ڕەوتی ڕووداوەکان بکرێت.
لە کۆتاییدا ئەتوانم بێژم شۆڕشی ژینا نیشانەگەلی نەسلێکی نوێی شۆڕشی پێوە دیارە کە پێویستە دواتر لە ئاستی شوناس و چەمک و مەعریفە و ڕەگەز و شەبەکە و ڕێبەری، لێکدانەوە و خوێندنەوەی بۆ بکرێت.
بڕوانە بۆ:
Jack A Goldstone, Toward a Fourth Generation of Revolutionary Theory, 2001
Stanford Encyclopedia of Philosophy, Revolution, 2017
what is Z generation, bamboohr, 2019
ئەم بابەتە لە ژمارەی٨٣٩ی ڕۆژنامەی کوردستان بڵاو کراوەتەوە.