کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ناڕوونیی چارەنووسی دوو هاووڵاتیی ڕفێندراوی خەڵکی بۆکان

14:40 - 12 بەفرانبار 2722

لە ماوەی حەوتووی ڕابردوودا لاوێک بە ناوی زەکەریا تەعاقێب و منداڵێک بە ناوی دیار شێخە کە هەردووکیان خەڵکی شاری بۆکان بوون، لەلایەن هێزە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیمەوە ڕفێندراون و تاکوو ئێستا هیچ زانیارییەک لەسەر چارەنووسیان لەبەر دەستدا نییە.

بەپێی ڕاپۆرتی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو؛ ڕۆژی چوارشەممە، ٧ی بەفرانباری ١٤٠١ی هەتاوی زەکەریا تەعاقێب ، تەمەن ٢٤ ساڵ و خەڵکی شاری بۆکان لەلایەن هێزە سەرکوتکەرەکانی کۆماری ئیسلامییەوە ڕفێندراوە و ڕۆژێک پێشتریش واتە ڕۆژی سێشەممە، ٦ی بەفرانبار مێرمنداڵێکی تەمەن ١٦ ساڵ بە ناوی دیار شێخە و خەڵکی شاری بۆکان، لە گەڕەکی "مەجبووراوا"ی ئەو شارە لەلایەن هێزەکانی ڕێژیمەوە ڕفێندراون و چارەنووسیان نادیارە.

پاش ڕفاندنی ئەو دوو هاووڵاتییە لەلایەن هێزەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە تاکوو کاتی داڕشتنی ئەم هەواڵە هیچ زانیارییەک لەسەر بارودۆخ و چارەنووسیان لەبەر دەستدا نییە و هێشتا شوێنی ڕاگیرانیان نادیارە.