کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بەرزڕاگرتنی ٧٧ـەمین ساڵیادی دامەزراندنی کۆماری کوردستان لە شوێنە جیاجیاکان بەردەوامە

10:23 - 4 رێبەندان 2722

لەلایەن شەش حیزب لە باکووری کوردستان ڕێوڕەسمێک بەبۆنەی ساڵڕۆژی دامەزراندنی کۆماری کوردستان لە شاری ئامەد بەڕێوە چوو.

ڕۆژی دووشەممە ٣ی ڕێبەندانی ١٤٠١ی هەتاوی بۆ ڕێزگرتن لە یادی دامەزرانی کۆماری کوردستان ڕێوڕەسمێک لەلایەن شەش حیزبی باکووری کوردستان بەڕێوە چوو، هەروەها ناوەندی هاوکاریی حیزبەکانی کوردستانی ئێران لەو ڕێوڕەسمەدا پەیامێکیان پێشکەش کرد.

لە شاری "ستاڤراپۆلـ"ـی وڵاتی ڕووسیە بە دەستپێشخەریی ڕەوەندی کورد  ڕێوڕەسمێک بۆ بەرزڕاگرتنی یادی کۆماری کوردستان پێک ‌هات و کاک "مەمێ مامۆ" بەرپرسی ڕەوەندی کوردستانی لە وڵاتانی سۆڤییەتی پێشوو و ئاسیا، چەند وتەیەکی پێشکەش کرد.

لە وڵاتی قرقیزستان لە شاری "بیشکێک" کۆمەڵێک ڕووناکبیری کورد بە کۆبوونەوەی تایبەت یادی کۆماری کوردستانیان بەرز ڕاگرت و شێخ ڕەمەزان، سەرۆکی فیدراسیۆنی کۆمەڵەکانی کورد لە سۆڤییەتی پێشوو چەند وتەیەکی بەو بۆنەیەوە پێشکەش کرد.

لە وڵاتی گورجستان لە شاری "تفلیس" کۆمەڵێک لە ڕووناکبیران و نووسەرانی کورد هەر بەو بۆنەیەوە سیمینارێکیان ڕێک خست و کاک "هەژاری شامێ" و خاتوو "بلا ستوورکی" و کاک "زازا کەلەشۆڤ" بۆ بەشداربووان قسەیان کرد.

لەو سیمینارەدا بەڕێز محەممەدساڵح قادری نوێنەری حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە هەولێر بە ڤیدیۆ چەند وتەیەکی بەبۆنەی ساڵیادی کۆماری کوردستانەوە پێشکەشی بەشداربووان کرد.

هەروەها لەلایەن ڕێکخراوەکانی لاوان لە باشووری کوردستانیش سیمینارێکی دیکە بەڕێوە چوو.

ئەم سیمینار و کۆنفڕانسانە هاوکات بوو لەگەڵ کۆمەڵێک چالاکی لە ناوخۆی ڕۆژهەڵاتی کوردستان کە لەلایەن لاوانی نیشتمانپەروەر و قوتابییانی ڕێبازی کۆماری کوردستان، بەڕێوە چوو.