کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بەڕێوەچوونی سیمینارێکی تایبەت بە ٢ی ڕێبەندان بۆ خالید عەزیزی لە سویس

12:23 - 4 رێبەندان 2722

سیمینارێکی سیاسی بەبۆنەی ٢ی ڕێبەندان لە وڵاتی سویس، بۆ بەڕێز خالید عەزیزی، وتەبێژی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران بەڕێوە چوو.

ڕۆژی یەکشەممە ٢ی ڕێبەندانی ١٤٠١ی هەتاوی، بە بەشداریی نوێنەرانی هێز و لایەنە کوردستانی و ئێرانییەکان و ئەندامان و لایەنگرانی حیزبی دێموکرات و کوردانی دانیشتووی سویس، سیمینارێکی سیاسی بۆ بەڕێز خالید عەزیزی، بەڕێوە چوو.

سیمینارەکە بە سروودی نەتەوایەتی ئەی‌ ڕەقیب و ساتێک بێدەنگی بۆ گیانی شەهیدانی کورد و کوردستان دەستی پێ کرد. دواتر بەڕێز زاهیر قادرحاجی، بەرپرسی کۆمیتەی ‌حیزب لە وڵاتی سویس لە وتەیەکدا وێڕای بەخێرهاتنی کاک خالید عەزیزی و میوانانی سیمینارەکە و لایەنەکانی بەشدار، پەیامی کۆمیتەی حیزبی لەو وڵاتە پێشکەش کرد.

پاشان بەڕێز خالید عەزیزی، وتەکانی خۆی بە یادکردنەوەی کۆماری کوردستان دەست پێ کرد و باسی لە دامەزراندنی کۆماری کوردستان و هەروەها ئەزموونی ئەو کۆمارە کرد کە بە شێوەیەکی تۆکمە و بەرنامە بۆ داڕێژراو، ٧٧ ساڵ لەمەوبەر لەلایەن ‌حیزبی دێموکرات و شەخسی پێشەوا قازی محەممەد ڕاگەیەندرابوو و هەر لەژێر ڕووناکایی ئەو ئەزموونە کار دەکەن بۆ ڕێکخستن و هاوکاری لەگەڵ دامەزراو و ڕێکخراوە کوردستانی و ئيرانییەکان بۆ درێژەدانی خەبات دژی کۆماری ئیسلامی، بەتایبەت دوای شۆڕشی نوێی گەلانی ئێران.

عەزیزی لە درێژەی وتەکانیدا وتی: پاش ڕووخانی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی، دەبێ سیستمێکی دێسانتریالیزە جێگیر بکرێت و دەسەڵاتێک بنیاد بنرێتەوە کە هەموو نەتەوە و لایەنەکان بە بیر و بۆچوونی جیاواز بە مافەکانی خۆیان بگەن کە لە غەیری ئەوەدا هیچ سیستمێک خۆ ناگرێت و خەبات و تيکۆشانی ئێمە بەردەوام دەبێت تا دەستەبەرکردنی مافەکانی گەلی کورد. ئێمە نامانهەوێت بە کۆکردنەوەی دەسەڵات لە ناوەنددا لە ئێرانی داهاتوو، مافی گەلی ئێمە پێشێل بکرێتەوە کە بە دڵنیاییەوە دیکتاتۆری بەرهەم دێنێتەوە.