کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بەردەوامیی دەسبەسەرکردنی مامۆستایانی ئایینی لەلایەن ڕێژیمەوە

17:21 - 4 رێبەندان 2722

مامۆستا مەلا یوونس نەوخا و مامۆستا مەلا سەید سلێمان ئەحمەدی خەڵکی پیرانشار لەلایەن هێزەکانی ڕێژیمەوە دەسبەسەر کران و چارەنووسیان ناڕوونە.

بەپێی ڕاپۆرتی ناوەندی مافی مرۆڤ بۆ ڕۆژهەڵات "چاونیوز"، بەرەبەیانی ڕۆژی سێشەممە ٤ی ڕێبەندانی ١٤٠١ی هەتاوی، لەنێوان جاددەی پیرانشار- پەسوێ، هێزەکانی ڕێژیم بەبێ هیچ بەڵگەیەکی قەزایی، دوو کەس لە مامۆستایانی ئایینی و  مامۆستای قوتابخانەی زانستە ئایینییەکانی سەلاحەدین ئەیووبیی شاری پیرانشار بە ناوەکانی مامۆستا مەلا یوونس نەوخا و مامۆستا سەید سلێمان ئەحمەدییان دەسبەسەر کردووە و بۆ شوێنێکی نادیاریان ڕاگواستوون.

شەوی ڕابردووش دوو مامۆستای ئایینیی خەڵکی شارەدێی پەسوێ سەر بە پیرانشار بە ناوەکانی مامۆستا سەید محەممەد جەماڵەدین واژی، مامۆستا و پێشنوێژی مزگەوتی پەسوێ و مامۆستا مەلا شەریف مەحموودپوور پێشنوێژی مزگەوتی محەممەد ڕەسووڵڵای پەسوێ، لەلایەن هێزەکانی ڕێژیمەوە دەسبەسەر کراون و چارەنووسیان نادیارە.