کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

لە وڵاتی فەنلاند یادی ٧٧ ساڵەی دامەزراندنی کۆماری کوردستان بەرز ڕاگیرا

17:49 - 4 رێبەندان 2722

ڕۆژی شەممە ڕێکەوتی ١ی ڕێبەندانی ١٤٠١ی هەتاوی، لەلایەن کۆمیتەی گشتیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە وڵاتی فەنلاند بۆ بەرزڕاگرتنی یاد و دەسکەوتە مێژوویی و نەتەوەییەکانی کۆماری کوردستان، سیمینارێک بەڕێوە چوو.

سیمینارەکە لە شاری "هێلسینکی" و بە بەشداریی دوکتور کوێستان گادانی، ئەندامی ڕێبەریی حیزبی دێموکرات‌، ژمارەیەکی بەرچاو لە ئەندامانی حیزب، کوردستانییانی دانیشتووی فەنلاند و نوێنەری ڕێکخراوە مەدەنییەکان و هێز و لایەنە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵات و باشووری کوردستان، بەڕێوە چوو.

سەرەتای کۆڕیادەکە بە سروودی نەتەوایەتیی ئەی ڕەقیب و ڕاگرتنی خولەکێک بێدەنگی بۆ ڕێزگرتن له هه‌موو شەهیدانی کورد و کوردستان دەستی پێ كرد.

دواتر هونەرمەند ڕەشید فەیزنژاد، سروودێکی تایبەت بە یادی شەهیدانی کوردستان و شۆڕشی ژینای پێشکەش کرد.

دواتر د. کوێستان گادانی مامۆستای زانکۆ لە وڵاتی نۆروێژ و بەرپرسی گشتیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە دەرەوەی وڵات، لە باسێکی سەرنجڕاکێشدا ئاوڕی لە دەسکەوتەکانی کۆمار دایەوە و بە قۆناغێکی گرینگ و پڕبایەخ لە میژووی مافخوازانەی نەتەوەکەمان زانی.

ناوبراو لە قسەکانیدا وێڕای بەرزنرخاندنی دەسکەوتەکان، باسی لە ڕەمز و سیمبولەکانی کۆمار وەک ناوی پێشمەرگە، سوپای میللی، ئاڵا و سروودی نیشتمانی کرد کە بۆ نەوەی ئەمڕۆ و داهاتووی بەجێ هێشتووە.

د. کوێستان گادانی باسی لەوە کرد، دوای ٧٧ ساڵ لە دامەزرانی کۆماری کوردستان ئێستاش لە ماوەی نزیک بە ٤ مانگ شۆڕشی ژن ژیان ئازادی، ئەو بایەخە دێموکراتیک و پێشکەوتنخوازانەیە لە دروشم و داواکاریی خەڵکی ڕاپەڕیوی کورددا ڕوون‌ و بەرچاون‌.

ئەو هێز و لایەن و ڕێکخراوانەی کە پەیامی پیرۆزبایی و چەپکە گوڵیان پێشکەش بە یادەکە کردبوو بریتین له:

- کۆمەڵەی شۆڕشگێڕی زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێران

- کۆمەڵە، ڕێکخراوی کوردستانیی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران

- پارتی دێموکراتی کوردستان

- یەکیەتیی نیشتمانیی کوردستان

- بزووتنەوەی گۆڕان

- فیدراسیۆنی کۆمەڵە کوردییەکان لە فەنلاند

- ئەنجوومەنی زیندانییە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان

- یەکیەتییەکانی ژنان و لاوانی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کۆتایی کۆڕیادەکە تایبەت بوو بە پرسیار و تێبینیی بەشداربووانی یادەکە و وڵامدانەوەیان لەلایەن دوکتور کوێستان گادانی.