کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بەڕێوەچوونی سیمینارێک بەبۆنەی ٢ی ڕێبەندان لە وڵاتی ئاڵمان

18:16 - 4 رێبەندان 2722

لە وڵاتی ئاڵمان، لەلایەن كۆمیتەی حیزبی دێموکرات لە ناوچەی "نۆرنبێرگ و شتودگارد"، سیمینارێک بەبۆنەی ٢ی ڕێبەندان، ٧٧ـەمین ساڵیادی دامەزراندنی كۆماری كوردستان، بەڕێوە چوو.

ڕۆژی یەكشەممە ٢ی ڕێبەندانی ۱۴۰۱ی هەتاوی، كۆمیتەی حیزبی دێموکرات لە ناوچەی نۆرنبێرگ و شتودگارد لە وڵاتی ئاڵمان، بە بەشداریی نوێنەرایەتی، حیزب و ڕێكخراوە كوردستانییەكان، سیمینارێک لە دوو پانێلدا بۆ كاک خالید حەسەنپوور، ئەندامی ڕێبەری حیزب و  كاک مامەند ڕۆژە، كەسایەتی ئاكادیمیی ڕۆژهەڵاتی كوردستان و خاتوو نەهیە خۆشكەلام، چالاكی مافی ژنان، بەڕێوە چوو.

بەشی یەكەمی پانێلی یەكەم، تەوەری كۆماری كوردستان و حیزبی دێموكرات، دووانەیەكی لێكدانەبڕاو و دۆخی هەنووكەیی شۆڕشی ژینا بوو كە لەلایەن كاک خالید حەسەنپوور پێشكەش كرا.

حەسەنپوور بە ئاماژەدان بە كاریگەریی دامەزراندی كۆماری كوردستان و كاریگەریی لەسەر بەشەكانی تری كوردستان، ئامانجەكان و دەستكەوتەكانی كۆماری كوردستانی وەک وەرچەرخانێكی بنەڕەتی لە هزری كوردانی هەر چوارپارچەی كوردستان هەڵسەنگاند و بە ئاماژەدان بە هەرمانبوونی هزری كۆماری كوردستان لەنێوان نزیک بە ٨ دەیە لەنێوان نەسڵەكانی دوای كۆماری كوردستان، وەک بەرزترین ئاستی شعووری سیاسی ناو هێنا.

مامەند ڕۆژە، كەسایەتیی كورد و ئاكادیمیست، باسێكی بەپێزی لەژێرناوی "کۆماری کوردستان و ڕەهەندە ستراتژییەکانی"، سێ فاکتۆری ستراتژیکی ناوخۆیی، ناوچەیی و نێونەتەویی کاریگەر لەسەر کۆماری بە وردی شی کردەوە.

مامەند ڕۆژە، بە ئاماژەدان بە سیاسەتی جیهانی و ناوچەیی لەمەڕ ژئۆپۆلێتیک و ستراتیژیک سەبارەت بە ئێران، دامەزراندنی كۆماری كوردستانی وێڕای ژیریی ڕێبەرانی كۆماری كوردستان، بە دەوڵەتێكی سەربەخۆی كوردی و پڕ دەستكەوتی هزری نەتەوایەتیی ناو برد.

پانێلی دووەم و بەشی كۆتایی سیمینارەكە، تایبەت بوو بە باسی خاتوو نەهیە خۆشكەلام، چالاكی مافی ژنان لەژێر ناوی "هەڵسەنگاندنێک بۆ شۆڕشێک له جنسی شۆڕشی ژینا".

خاتوو نەهیە خۆشكەلام، بە ئاماژەدان بە قسەكانی بنەماڵەی شەهیدانی ژینا لەسەر مەزاری شەهیدانیان، شۆڕشی ژینای بە شۆڕشێکی مەزن ناو برد.