کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بەڕێوەچوونی سیمینارێک بەبۆنەی ٢ی ڕێبەندانەوە لە وڵاتی ئەمریکا

11:16 - 5 رێبەندان 2722

کۆمیتەی حیزبی دێموکرات لە وڵاتی ئەمریکا، بە مەبەستی بەرزڕاگرتنی یادی ٧٧ ساڵەی دامەزرانی کۆماری کوردستان سیمینارێکی بەڕێوە برد.

ڕۆژی یەکشەممە ٢ی ڕێبەندانی ١٤٠١ی هەتاوی، کۆمیتەی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە وڵاتی ئەمریکا بۆ بەرزڕاگرتنی یادی ٧٧ـەمین ساڵڕۆژی دامەزراندنی کۆماری کوردستان، سیمینارێکی بە بەشداریی حیزب و لایەنە سیاسییە کوردستانییەکان و ئەندامان و لایەنگرانی حیزب لە دەڤەری واشنگتۆن بەڕێوە برد.

سەرەتا بەرپرسی کۆمیتەی واشنگتۆن کاک خەبات ئیبراھیم‌پوور، باسێکی کورتی سەبارەت بە ڕۆژی دامەزراندنی کۆماری کوردستان پێشکەش بە ئامادەبووان کرد و پاشان کاک ئارش ساڵح، بەرپرسی پێوەندییەکانی حیزب لە ئەمریکا لەگەڵ‌ میوانەکان درێژەیان بە بەڕێوەبردنی سیمینارەکە دا.

سەرەتا پڕۆفسۆر "دەیڤید ڕۆمانۆ" شارەزای زانستە سیاسیەکان وتی: ھەندێک کەس و لایەن بە ئاماژەدان بەوەی کە تەمەنی کۆماری کوردستان تەنیا ١١ مانگ بووە، ئەم کۆمارە بە پرۆژەیەکی سەرکەوتوو نازانن، بەڵام لەڕاستیدا کۆماری کوردستان پرۆژەیەکی سەرکەوتووی ناسیۆنالیزمی کوردی بووە کە ئەو دامەزراوانەی سەردەمی کۆماری کوردستان و ھەروەھا ئەو بایەخ و بەھایانەی کە کۆماری کوردستان سازی کردوون، کۆڵەکەی سەرەکیی ناسیۆنالیزمی کوردی بوون.

ناوبراوھەروەھا وتی، ڕێژیمی تاران بەرامبەر بە جووڵانەوەکانی تر، لە ھەمووان زیاتر لە کۆماری کوردستان ترساوە، لەبەر ئەوەی کۆماری کوردستان ئاڵترناتیڤێکی پێشکەوتووی پیشان داوە، ئەویش نەتەنیا ھەر بە نەتەوەی کورد بەڵکوو بە نەتەوەی باڵادەستیش.

پاشان "جەنگ ساگنیج" باسێکی گشتیی لە لێکۆڵینەوە زانستییەکانی خۆی لە زانکۆی "تێل ئاڤیڤ" باس کرد و وتی: ئەم کۆمارە لە ئاکامی پرۆسەیەکی ھوشیار لەناو کۆمەڵانی کوردستاندا ھەڵقوڵاوە و کۆماری کوردستان پێش دامەزراندنی لەناو خەیاڵی ڕووناکبیر و نوخبەی سیاسیی کوردا پێک ھاتبوو.

لە بەشی دووەمی بەرنامەکەدا خاتوو باران ڕەشیدی پەیامێکی لەسەر کۆماری کوردستان پێشکەش بە ئامادەبووان کرد، ھەروەھا لە دوابڕگەی سیمینارەکەدا پارچە ھۆنراوەیەکی نادر قازی لەلایەن جەعفەر فەقێ‌نەبی خوێندرایەوە.