کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بەڕێوەچوونی سیمینارێک بەبۆنەی ٢ی ڕێبەندان لە وڵاتی ئاڵمان

10:13 - 6 رێبەندان 2722

ناوەندی هاوکاریی هێزە سیاسییەکانی کوردستان لە ئاڵمان، یادی ٧٧ ساڵەی دامەزرانی کۆماری کوردستانیان بەرز ڕاگرت.

ڕۆژی شەمە ١ی ڕێبەندانی ١٤٠١ی هەتاوی ناوەندی هاوکاریی هێزە سیاسییەکانی کوردستان لە ئاڵمان، سیمینارێکیان بەبۆنەی بەرزڕاگرتی یادی ٧٧ ساڵەی دامەزرانی کۆماری کوردستان پێک هێنا کە تێیدا وێڕای ئاوڕدانەوە لە دۆخی دامەزرانی کۆمار و ڕۆڵی پێشەوا قازی لە دروستکردنی ئەو دەسکەوتە نەتەوەییە، ئاماژە بە دۆخی ئێستای ڕۆژهەڵات و بزووتنەوەی ژینا کرا کە تێیدا خواستی خەڵکی کوردستان و بەتایبەت ژنانی کورد وەک بەشێک لە ئامانجەکانی کۆماری کورستان ڕەنگدانەوەی هەبووە.

سەرەتای سیمینارەکە بە وتەکانی مەسعوود تەک، کەسایەتیی سیاسی و سکرتێری پێشووی پارتی سۆسیالیستی کوردستان و بە باسکردن لەسەر گرینگیی دامەزرانی کۆماری کوردستان وەک دەسکەوتێکی نەتەوەیی بۆ گەلی کورد لە هەر چوار بەشی کوردستان دەستی پێ کرد و ڕۆڵی حیزبی دێموکراتی چ لە سەردەمی دامەزراندنی کۆمار و چ لە دۆخی ئێستای ڕۆژهەڵاتی کوردستان کە شۆڕشی ژینا لە ئارادایە، بەرز نرخاند.

دواتر شەهریار نەقشبەندی، نوێنەری کۆمیتەی حیزبی دێموکرات لە ئاڵمان وێڕای ئاوڕدانەوە لە مێژووی کۆمار و باسکردن لە بەشێک لە دەسکەوتەکانی کۆمار بۆ بزووتنەوەی کورد، ئاماژەی بە ڕۆڵ و پێگەی حیزبی دێموکرات لە خەباتی نەتەوایەتیی کورد لە ڕۆژهەڵات کرد.

دواتر گۆمان حوسێن، نوێنەری پارتی دێموکراتی کوردی لە سووریە و بەڕێوەبەری سیمینار وێڕای پێشکەشکردنی چەند وتەیەک لەسەر کۆماری کوردستان، ئاماژەی بە بەشداریی کوردانی بەشەکانی تری کوردستان لە ڕۆژی دامەزرانی کۆماری کوردستاندا کرد.

پاشان شەماڵ پیران،  ئەندامی کۆمیتەی ناوەندیی پارتی ئازادی کوردستان وێڕای ئاوڕدانەوە لە چەند لایەنێکی مێژوویی کۆماری کوردستان، مافی دیاریکردنی چارەنووسی بە بڕیارێکی گرینگی کۆماری کوردستان ناو برد.

سیمینارەکە بە پێشکەشکردنی هۆنراوەیەک بۆ یادی کۆماری کوردستان لەلایەن خەیرەدین بیرۆ، هونەرمەندی کوردی ڕۆژاوای کوردستان کۆتایی پێ هات.