کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

مستەفا قازی‌زادە: بڕیاری یەکیەتیی ئورووپا سەرکەوتنێکی دپیلۆماتیکە بە تایبەتی بۆ حیزبە کوردستانییەکان

10:34 - 6 رێبەندان 2722

وتووێژ: جەماڵ ڕەسووڵ دنخه

 

 بڕیارنامەی یەکیەتیی ئورووپا بۆ ناساندنی سپای تێرۆریستیی پاسداران بڕیارێکە کە سەرنجی کۆڕەکانی سیاسەتی بۆ لای خۆی ڕاکێشاوە. ئەگەر ئەو ڕێکخراوە وەک یەکەم ڕێکخراوی نیزامی کە ساڵی ١٣٥٨ی هەتاوی بە بڕیاری خومەینی دامەزرا؛ لەلایەن ئورووپاوە وەک تێرۆریست بناسرێت ئیقدامێکی گونجاوە بۆ پشتیوانی لە شۆڕشی ژینا. لەو پێوەندییەدا ماڵپەڕی "کوردستان میدیا" وتووێژێکی لەگەڵ "مستەفا قازی‌زادە" جێگری بەرپرسی بەشی پێوەندییەکانی دەرەوەی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە وڵاتی ئاڵمان کردووە.

ئامریکا ساڵی ١٣٩٨ی هەتاوی لە سەردەمی سەرکۆماریی دانڵد ترامپ‌دا، سپای پاسدارانی ڕێژیمی ئێرانی خستە لیستەی تێرۆرە و ئێستاش پارلەمانی ئورووپا بڕیارنامەکەی پەسند کردووە، ئەو هەڵوێستە دژی ڕێژیمی ئێران لەبەر چییە؟

با پێشتر بڵێم کە ئەو بڕیارە نە هی یەکیەتیی ئورووپایە، بەڵکوو پارلمانی ئوروپایە که بە زۆرینەی دەنگ پەسندی کرد. زۆر لە پارلمانەکانی وڵاتانی ئورووپایی و هەروەها پارلمانی ئورووپا لە چەند مانگی شۆڕشی ژینا بۆیان دەرکەوت کە جەماوەری گەلانی ئێران، ڕێژیمی ئیسلامیی ئێرانیان ناوێ و ئەو ڕێژیمە هیچ مەشروعییەتی لە نێوخۆ نەماوە. زۆربەی وڵاتانی ئورووپا بۆیان دەرکەوتووە کە ئەو ڕێژیمە هیچ داهاتووی نییە و دەبێ پشتیوانیی گەلانی ئێران بۆ وەدیهێنانی ئازادی ودێموکراسی بکەن.

ئەگەر وڵاتانی ئورووپایی سپای پاسداران وەک ڕێکخراوێکی تێرۆریستی بناسێنن ڕێژیمی ئێران دەچێتە چ قۆناغێک لە پێوەندییە نێودەوڵەتییەکان؟

دیارە ئەو بڕیارەی پارلمانی ئورووپا دەبێ لەلایەن یەکیەتیی ئورووپا و وڵاتانی ئەندامەوە پەسند بکرێ و بۆ عەمەلی‌کردنی کار بکەن. سپای پاسداران وەک دەزگای سەرکوت و تێرۆر لە ئێران و لە ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست دەکەوێتە ژێر گەمارۆ؛ ڕێژیمی ئێران ئەو ئۆرگانە سەرکوتکەرەی لاواز دەبێ، بۆیە کاربەدەستانی ڕێژیم هەر لە ئێستاوە هەڕەشە لە وڵاتانی ئورووپا دەکەن کە ئەوەش زیاتر تەریک‌بوونەوەی ئەو ڕێژیمەی بە دواوە دەبێ.

کاریگەریی بە تێرۆریست ناساندنی سپای پاسداران لەلایەن یەکیەتیی ئورووپاوە وەک تێرۆریست چ قازانجێکی بۆ حیزبە دژبەرەکانی ئێران و بەتایبەتی کورد دەبێت؟

سپای پاسداران ئۆرگانی سەرەکیی سەرکوتکردنی هەر بزووتنەوەیەکی ئازادیخوازی لە ئێران بەگشتی و کوشتار و بڕینی نەتەوەی کورد بەتایبەتی بووە و هەیە. مووشەکباران و هێرش بۆ سەر ئەحزابی کورد هەر کاری ئەوان بوو. ناساندنی سپای پاسداران لەلایەن یەکیەتیی ئورووپاوە بە مانای ئەوە دەبێ کە ئەو سپایە بخرێتە ژێر گەمارۆ. ئەوەش دەبێتە هۆی لاواز بوونی ئەو ڕێکخراوە و ئیتر ناتوانێ وەک پێشوو درێژە بە هێرشە بێ‌سنوورەکانی خۆی بۆ سەر کورد بدا.

ئورووپا ڕایگەیاندووە بۆ پشتیوانی لە شۆڕشی ژینا و پشتیوانی لە خەڵکی ئێران، سپای پاسداران وەک تێرۆریست دەناسێنێت؛ شۆڕشی ژینا چ کاریگەرییەکی لەسەر ڕۆژاوا داناوە کە ئەوان ئاوا گرینگی بە شۆڕشی ژینا دەدەن؟

پڕۆسەی ناساندنی سپای پاسداران لەلایەن یەکیەتیی ئورووپاوە درێژخایەنە و دەبێ تەواوی وڵاتانی ئەندام بڕیاری ئەرێنی پێ بدەن، بۆیە ئەو پرسە پێی دەچێ. 

شۆڕشی ژینا هێندە لەپڕ، چاوەڕوان‌نەکراو و بەهێز و بە بەشداریی جەماوەری خەڵک دەستی پێ کرد کە ڕۆژاوا چاوەڕیی ئەو دیاردەیەی نەدەکرد. هەر سەرکۆماری ئامریکا جۆ بایدن گوتی کە ئەو لەو مەسەلەیە سەری سووڕ ماوە و چاوەڕێی ئەو شتەی لە ئێران نەدەکرد. سیاسەتوانانی ڕۆژاوا دەبینن کە ئەو شۆڕشە جەماوەرییە بناغەی دەسەڵاتی مەلاکانی ڕاتڵەکاند و ڕێژیم ئیتر لەنێو جەماوەری خەڵک و تەنانەت نەتەوەکانی ئێران هیچ دەسەڵاتی نەماوە. ئەوان دوو ڕێگایان لەبەرە: یان بە پێوەندیی دیپلۆماتیکی فەرمیی خۆیان لەگەڵ ڕێژیم درێژە بدەن وەک ئەوەی هیچ شتێک ڕووی نەدابێ، یان ببنە پشتیوانی ئەو شۆڕشە کە داهاتووی وڵات دیاری دەکا؛ وا دیارە سیاسەتوانانی ئورووپا بژاردەی دووهەم دەگرنە بەر.

بەشێکی دیکەی هەڵوێستی ئورووپا بۆ هاوکاریی ئێران بە ڕووسیە لە شەڕی ئۆکرایندا دەگەڕێتەوە؛ مەترسییەکانی ئێران بۆ ئورووپا لە شەڕی ئۆکرایندا چییە؟

شەڕی ڕووسیە لە دژی ئۆکراین تەواوی تەعادوڵاتی نێونەتەوەیی لە ئورووپا و ڕوژاوا تێک دا. ڕووسیە بە کردەوە نیشانی دا کە ئامادەیە کە هێرش بکاتە سەر وڵاتانێک کە پێوەندیی نزیکیان لەگەڵ ئورووپا هەیە. ئێستا وڵاتانی باڵتیک و سکاندیناوی وەک لیتوانی و سوید ترسی هەڕەشە لەلایەن ڕووسیەیان لێ‌نیشتووە. ئێران دیارە لەو شەڕە ڕاستەوخۆیەدا بەشداریی کردووە؛ پێدانی پەهپاد، مووشەک و تەنانەت ناردنی هێزی نیزامی لەژێر عەبای ڕاوێژکاریی نیزامی، دژایەتیی ڕووسیە لە دژی ئورووپا بەهێزتر دەکات و مەترسیی دواڕۆژ کە ڕووسیە هێرش بکاتە سەر وڵاتانی دیکەشی بەهێز کردووە. ئێران لە گۆڕەپانی ئەو ململانێیەدا بووەتە هەڕەشەیەکی ڕاستەوخۆ بۆ سوڵح و هێمنی لە ئورووپا.

ئایا سپای پاسداران لە تۆڵەی ئەو هەڵوێستەی ئورووپا ئەگەری هەیە هێرش بکاتە سەر دامەزراوە و بەرژەوەندییەکانی ئورووپا لە ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست‌دا؟

سپای پاسداران هەروا دانانیشێ و چاوەڕوانی هەڵسوکەوتەکان ببێ. خۆیان دەزانن کە بە تێرۆریست ناساندنی ئەوان و کەوتنە ژێر ئابڵۆقەی گەمارۆکان، زۆر زەربەی کاریگەریان لێ دەدا. بۆیە بێ‌شک هەوڵ دەدەن کە تۆڵە بکەنەوە و پیلانی هێرش و زەبر وەشاندن لە ئورووپا لە دەرەوە و لە نێوخۆی ئورووپا دادەڕێژن. ڕێژیم بە درێژایی ئەو دەیان ساڵە تۆڕێکی تێڕۆریستیی لە ئورووپا تەنیوەتەوە کە هەر کات خۆی لە مەترسی ببینێ وەجوڵەیان دەخا.

لە دوای ئەو بڕیارەی ئورووپا، گەمارۆی ئابووریی زیاتریش دەخرێتە سەر ئێران، دۆخی ئابووریی ئێران بەو گەمارۆیانە چی لێ بەسەر دێت؟

تا ئێستا باس لە خستنی گەمارۆی ئابووری دەکرێ بۆ سەر ئۆرگانەکانی تێرۆر و سەرکوتی ڕێژیم وەک بنەماڵەی خامنەیی، ئیبراهیم ڕەئیسی، سپای پاسداران، هێزی ئینتیزامی لە گەورەشارەکان، بەسیج و تەنانەت ئەو ٢٠٠ و چەند ئەندامەی پارلمانی ئێران کە داوای حوکمی ئێعدامیان بۆ خۆپیشاندەران کردبوو. ئەوە بە مانای ژێر گەمارۆخستنی ئابووریی ئێران نییە. ئابووریی ئێران پێش ئەو گەمارۆیانەش هەر شپڕێو بوو و هیچ پێوەندیی بەو مەسەلەیە نییە. داهاتی ئێران لەژێر دەستی مەلاکان نە بۆ خەڵکی ئێران بەڵکو بۆ تەیارکردنی نیزامی و پشتیوانیی هێزەکانی لایەنگری لە نێوخۆ، ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست و تەنانەت ئێستا شەڕی ئۆکراین دەکرێ. بەشێکی گەورە لەو پووڵانەش لەلایەن بنەماڵەکانی دەستوپێوەندییەکانی ڕێژیمەوە دەدزرێ و بۆ دەرەوەی وڵات ڕادەگوێزرێ. شپڕێویی ئابووریی ئێران دەگەڕێتەوە بۆ ناکارامەیی کاربەدەستان کە هیچ شارەزاییان لە بەڕێوەبردنی وڵات بە شێوەی مۆدێڕنی ئێستا نییە کە هیچ، بەڵکوو وڵات لەسەر قەوارەی بیری بەر لە ١٤٠٠ ساڵ پێش بەڕێوە دەبەن.

ئەو بڕیارنامەیەی ئورووپا دژی سپای پاسداران چ قازانجێکی بۆ حیزبە کوردستانییەکان هەیە؟

ئەو بڕیارە بە گشتی سەرکەوتنێکی دپیلۆماتیکە بەتایبەتی بۆ حیزبە کوردستانییەکان. حیزبە کوردستانییەکان ئەو شەپۆلەی تازەی خەباتیان بە ڕاگەیاندنی سێ مانگرتنی سەرانسەری دەست پێ‌کرد و ناوچەکانی دیکەی ئێران بەرەوپیری بانگەوازی کوردەوە هاتن. پێشڕەوبوونی کورد

ئەو ڕاستییەش دەسەلمێنێ کە هێزە سیاسییەکانی کورد لەو خەباتەدا بەرحەق بوون و هێزی سەرەکیشن لە داهاتووی ئێراندا، ئەوان لە گۆڕەپانی خەباتدا ماونەتەوە و بەردەوامن.

حیزبەکان دەبێ هەنگاوی دواتریان دژی ڕێژیمی تاران لە سیاسەتی خۆیان لە ئورووپادا چی بێت؟

هێزە سیاسییەکانی کورد دەبێ وێڕای نەتەوەکانی دیکەی ئێران بۆ چەند خاڵی گرینگ کار بکەن:

١ -  بەردەوام بن لە سەر قانیع‌کردنی ئورووپا بۆ ناساندن و پێشگرتن لە جموجۆڵی دەستوپێوەندییەکان و بەکرێگیراوانی ڕێژیم.

٢ – زۆرکردنەوەی گوشارە دیپلۆماتیکەکان وەک دەرکردنی نوێنەرانی ڕێژیم لە ڕێکخراوە نێونەتەوەییەکان

٣ -  داخستنی سەفارەتەکانی ئێران کە بنکەی کاروباری تێرۆریستی ئەو ڕێژیمەن.

٤ – سەلماندنی ئەو ڕاستییە بە ئورووپا کە وڵاتی ئێران فرەنەتەوەییە و داهاتووی سیاسیی ئێران تەنیا لە چوارچێوەی سیستمی فێدراڵی‌دا دەستەبەر دەکرێ و ئاشتی لە ناوچەی ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاستیشدا تەنیا بەو شێوە دەستەبەر دەکرێ. 

ڕای خۆتان بڵێن:

ئێستا بۆ هەموو ئازادیخوازان لە ئێران دەرکەوتووە کە کورد نەخشی سەرەکیی لە ئاڵوگٶڕەکانی سیاسیی داهاتووی ئیران‌دا هەیە. با دروشمی "کوردستان چشـم و چراغ ایرانـ"ـمان لە سەرەتای شۆڕشی ژینا لەبیر نەچێ. هەر بەو پێیەش دەبێ کورد وەک هەموو نەتەوەکانی تر لە دەسەڵاتی سیاسیی دواڕۆژدا بەشدار بێ. کورد دەبێ لەو ڕەوتەدا کار بکا. هەر چەشنە خۆ بواردنێک لەو مەسەلەیەدا لەلایەن هێزەکانی دیکەی سیاسیی ئێرانەوە هەڵەیەکی گەورە دەبێ. ئەوە ئەرکی سەر شانی لایەن و هێزە سیاسییەکانی دیکەی ئێرانە کە بە ناسینی ئەو فاکتە گرینگە بۆ دامەزراندن و بەربەستکردنی دێموکراسی هەنگاو هەڵێننەوە.