کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بەردەوامیی دەسبەسەرکردنی هاووڵاتییانی کوردستان لەلایەن ڕێژیمی ئێرانەوە

10:20 - 7 رێبەندان 2722

لە درێژەی دەسبەسەرکردنی هاووڵاتییانی کوردستان لەلایەن ڕێژیمەوە، سێ هاووڵاتیی خەڵکی مەهاباد و هاووڵاتییەکی خەڵکی سنە، دەسبەسەر کراون و چارەنووسیان ناڕوونە.

بەپێی ڕاپۆرتی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی کوردپا، لە ماوەی ڕۆژانی ڕابردوودا سێ هاووڵاتیی خەڵکی مەهاباد بە ناوەکانی ئەسکەندەر بەردریز، شەهرام عەلیخانی و خەلیل ئەمینی" لەلایەن هێزەکانی ڕێژیمەوە لە مەهاباد دەسبەسەر کراون و چارەنووسیان ناڕوونە.

لەلایەکی دیکەوە هاووڵاتییەکی خەڵکی شاری سنە بە ناوی داوود حەبیبی تەمەن ٤٠ ساڵ کە لە شاری تاران خەریکی کرێکارییە، ڕۆژی چوارشەممە ٥ی ڕێبەندانی ١٤٠١ی هەتاوی لەلایەن هێزەکانی ڕێژیمەوە دەسبەسەر کراوە و چارەنووسی نادیارە.

جێگەی ئاماژەیە کە لە کاتی دەستپێکی شۆڕشی ژیناوە، هێزەکانی ڕێژیم لە شارەکانی کوردستان بە هەموو شێوازێک ڕووبەڕووی خەڵک دەبنەوە و خەڵکی کوردستان سەرکوت دەکەن.

هەتا کاتی ئامادەکردنی ئەم هەواڵ لەسەر چارەنووس و شوێنی ڕاگیرانی ناوبراوان هیچ زانیارییەک لەبەر دەستدا نییە.