کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بەڕێوەچوونی سیمینارێکی سیاسی لە پارلمانی سوید

11:46 - 7 رێبەندان 2722

لە پارلمانی سوید، سیمینارێک لەژێر ناوی شۆڕشی ژینا و ئاکامەکانی لە ئێران و کوردستان بەڕێوە چوو.

ڕۆژی پێنجشەممە ٦ی ڕێبەندانی ١٤٠١ی هەتاوی، ‎بە دەسپێشخەریی "فرێدریک ماڵم"، چیا عەلیار و هێژا بابان لەسەر ناوی حیزبی لیبراڵی سوید، سیمینارێک لەسەر دۆخی شۆڕشی ژینا لە پارلمانی سوید بەڕێوە چوو.

پێشەکی دوکتور کوێستان گادانی، ئەندامی ڕێبەری و بەرپرسی یەکەمی حیزبی دێموکرات لە دەرەوەی وڵات سپاسی حیزبی لیبڕاڵی کرد بۆ پێکهێنانی ئەو سیمینارە و پاشان هیوای خواست هەموو بەشداران بە کەڵکوەرگرتن لە زانیارییەکانی ئەو سیمینارە بتوانن بە  کاری هاوبەش و هاوکاریی زیاتر لە داهاتوودا پشتیوان و یارمەتیدەری خەڵکی ناوخۆی ئێران و کوردستان بن.

ناوبراو لە وتەکانیدا ڕایگەیاند: کورد وێڕای پشتیوانی و هاوخەباتی لەگەڵ ڕاپەرینی سەرانسەری لە ئێران، هاوتەریب هەوڵ و تێکۆشانی خۆی بۆ شوناسی خۆی بووە.

پاشان ئازادە ڕوجحان، پارلمانتاری بە ڕەگەز ئێرانیی حیزبی سوسیال دێموکراتی سوید لە ئاماژەی بەوە دا کە سیاسەتوانانی ڕۆژاوا نابێ لەهەمبەر ڕووداوەکانی ناوخۆی ئێران بێدەنگ بن و دەبێ هەوڵ بدەن سیاسەتی ڕۆژاوا بەرامبەر بە ڕێژیمی ئێران بگۆڕن.

دواتر کاکۆ عەلیار، ئەندامی ڕێبەری و بەرپرسی سکرتاریای کۆمیتەی ناوەندیی کۆمەڵەی شۆڕشگێڕی زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێران، ئاماژەی بەوە کرد کە دروشمی "ژن ژیان ئازادی" ڕیشەی لە نەریتی سیاسیی چەندین دەیەی گەلی کورددایە.

لە بەشێکی دیکەی سیمینارەکەدا دوکتور ئیدریس ئەحمەدی، مامۆستای زانکۆ، وتی: ئەگەرچی تەوژمی شۆڕشەکە کەمێک دامرکاوە بەڵام ڕۆحی شۆڕشگێڕانەی خەڵک هێشتا زیندووە و ڕێژیم لە هەموو ڕەهەندە ئایدیۆلۆژیکییەکانیدا شکستی هێناوە.

پاشان "فرێدریک ماڵم"، پارلمانتاری حیزبی لیبراڵی سوید لە بەشێک لە قسەکانیدا وتی: سیاسەتی ڕۆژاوا بەرامبەر بە ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی دەبێ بگۆڕدرێت.

جێگەی ئاماژەیە کە چەند پارلمانتاری سویدی و نزیکەی سەد کەس لە کوردانی سوید و میدیا کوردی و فارسییەکان لەو سیمینارەدا بەشدار بوون.