کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

سەپاندنی سزای بەندکردن بەسەر هاووڵاتییەکی خەڵکی جوانڕۆدا

10:23 - 8 رێبەندان 2722

هاووڵاتییەکی خەڵکی گوندی بیاشۆش سەر بە شاری جوانڕۆ بە ناوی دوکتور ڕەحیم عەزیزی، بە تۆمەتی سیاسی سزای چوار مانگ بەندکردنی بەسەردا سەپێندرا.

بەپێی هەواڵی ناوەندی مافی مرۆڤ بۆ ڕۆژهەڵاتی کوردستان "چاونیوز"، لە ماوەی ڕۆژانی ڕابردوودا، دوکتور ڕەحیم عەزیزی، هاووڵاتیی خەڵکی ئاوایی بیاشۆشی شاری جوانڕۆ سەر بە پارێزگای کرماشان، لەلایەن لقی ٤ی دادگای ئینقلابی کۆماری ئیسلامی لە شاری کرماشان، بە تۆمەتی پڕوپاگەندە دژی ڕێژیمی ئێران و ئەندامبوون لە یەکێک لە حیزبە کوردستانییەکانی دژبەری کۆماری ئیسلامی، سزای ٤ مانگ بەندکردنی بەسەردا سەپێندراوە.

د. ڕەحیم عەزیزی، بڕوانامەی دوکتورای ئاماری هەیە و ڕۆژی دووشەممە ١٤ی سەرماوەز، لەلایەن هێزەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە لە ماڵەکەی خۆی لە گوندی بیاشۆش سەر بە شاری جوانڕۆ دەسبەسەر و ڕفێندرا و پاش تێپەڕکردنی ماوەی ١٠ ڕۆژ لە دەسبەسەرکردن و لێکۆڵینەوە، لە گرتنگەی وەزارەتی ئیتلاعاتی ڕێژیم لە کرماشان، بە بارمتە و بە شێوە کاتی تا کۆتایی پرۆسەی دادگاییکردنەکەی ئازاد کرابوو و ڕۆژی چوارشەممە ٥ی ڕێبەندان سزای بەندکردنەکەیان پێ ڕاگەیاند.