کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

لە ماوەی کەمتر لە مانگێکدا لە ئێران ٥٥ کەس لەسێدارە دراون

10:35 - 8 رێبەندان 2722

ڕێکخراوی مافی مرۆڤی ئێران ڕایگەیاند کە کۆماری ئیسلامیی ئێران لە ماوەی ٢٦ ڕۆژدا، ٥٥ کەسی بە تۆمەتی جۆراوجۆر لەسێدارە داوە.

ڕۆژی هەینی ٧ی ڕێبەندانی ١٤٠١ی هەتاوی، ڕێکخراوی مافی مرۆڤی ئێران، ڕایگەیاند: لە سەرەتای دەستپێکی ساڵی نوێی ٢٠٢٣ی زایینییەوە لانیکەم ٦٦ کەس لە ئێران، لەلایەن کۆماری ئیسلامییەوە لەسێدارە دراون و زۆربەی ئەوانەی وا لەسێدارە دراون بە تۆمەتی ئەوەیان خراوەتە پاڵ کە لە کاتی خۆپیشاندانەکاندا ترس و تۆقاندنیان دروست کردووە و هەڕەشەیان لە ناوەندە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیم کردووە.

ئەو ناوەندە کە پشتیوانی لە مافی مرۆڤ دەکات، ڕایگەیاند، ئەو ٥٥ کەسە کە لەلایەن کۆماری ئیسلامییەوە لەسێدارە دراون، تۆمەتگەلی جۆراوجۆریان دراوەتە پاڵ و بێ ئەوەی لە دادگایەکی دادپەروەرانەدا دادگاییان بکەن، سزای لەسێدارەدانیان بەسەردا سەپاندوون و جێبەجێیان کردووە، ئەوە لە کاتێکدایە کە کۆمەڵگەی جیهانی دژی سزای ئێعدام لەلایەن ڕێژیمەوە هەڵوێستیان نواندووە و ساڵانە ئاماری لەسێدارەدان لە ئێران بەرزتر دەبێتەوە.