کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

دەسبەسەرکردنی دەیان خۆپیشاندەر لە زاهیدان لەلایەن هێزەکانی ڕێژیمەوە

11:55 - 8 رێبەندان 2722

ڕاپۆرتەکان لە زاهیدان باس لەوە دەکەن کە هێزە لیباس شەخسییەکان لە ١٧ـەمین هەینیی ناڕەزیەتییەکان لە زاهیدان دەیان کەس لە خۆپیشاندرانی بەلووچیان، بە تایبەت لاوان و مێرمنداڵان، لە ڕێگەی گەڕانەوەیان بۆ ماڵەکانیان بە شێوەیەکی توندوتیژانە دەسبەسەر کردووە.

ماڵپەڕی ''حاڵ وش'' کە ڕووداوەکانی سیستان و بەلووچستان ڕووماڵ دەکات، بە ئاماژەدان بە چڕکردنەوەی کەشی ئەمنی لە ماوەی حەوتووەکانی ڕابردوودا، بەتایبەت لە ڕۆژی هەینی ٧ی ڕێبەندان، نووسیویەتی، دەسبەسەرکردنی بە کۆمەڵی هاووڵاتییانی بەلووچ لەو شارە لەلایەن هێزە هێزە سەرکوتکەرەکانی رێژیمی ئێران زۆر زیادی کردووە.

هەروەها کاناڵی تێلێگرامیی ''ڕەسەدی بەلووچستان'' باسی لەوە کردووە کە ئێوارەی ڕۆژی هەینی ''دەیان لاوی بەلووچ لەلایەن هێزەکانی ڕێژیم لە ڕێگەی گەڕانەوەیان بۆ ماڵەکانیان دەسبەسەر کراون.

ڕۆژی هەینی ٧ی ڕێبەندان، خەڵکی بەلووچ دوای نوێژی هەینی لە زاهیدان دژی ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران ڕژانە سەر شەقامەکان و بۆ جارێکی دیکە بێزاریی خۆیان لەو ڕێژیمە دەربڕی و داوای سیستمێکی دێموکرات و پلوراڵیان کردەوە.