کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کۆبوونەوەی نوێنەرانی حیزب لەگەڵ سەرۆکی سێناتۆرەکانی ئوسترالیا

15:24 - 8 رێبەندان 2722

سەلاح پوورئەسەد و مەسعوود پیران، نوێنەرانی حیزبی دێموکرات، سەبارەت بە شۆڕشی ژینا کۆبوونەوەیەکیان لەگەڵ "لاریسا واتێرز" سەرۆکی سێناتۆرەکانی حیزبی سەوزی ئوسترالیا پێک هێنا.

ڕۆژی هەینی ٧ی ڕێبەندانی ١٤٠١ی هەتاوی، هیئەتێکی حیزبی دێموکرات پێکهاتوو لە بەڕێزان سەلاح پوورئەسەد و مەسعوود پیران، کۆبوونەوەیەکیان بە مەبەستی سپاس و پێزانین لە دەوڵەتی ئوسترالیا لەهەمبەر سەپاندنی سزا و مەحکوومکردنی حوکمی سیدارە و مەحکوومکردنی سەرکوتی خەڵکی ئێران لەلایەن ئەو ڕێژیمەوە، لەگەڵ "لاریسا واتێرز" سەرۆکی سێناتۆرەکانی حیزبی سەوزی ئوسترالیا پێک هێنا.

لە بەشێک لەو کۆبوونەوەیەدا نوێنەرانی حیزب بە درێژی لەسەر ڕووداوەکانی چوار مانگی ڕابردوو، خەباتی مەدەنییانەی خەڵک دژی کۆماری ئیسلامی و سەرکوتی زاڵمانەی ڕێژیم و بارودۆخی دەسبەسەرکراوان و ئەشکەنجە و ئازاری زیندانییە سیاسییەکان، باسێکیان پێشکەش کرد.

لەلایەکی دیکەوە سێناتۆر لاریسا واتێرز، وێڕای دەربڕینی خۆشحاڵی لەو چاوپێکەوتنە، ڕایگەیاند کە ئەوان بەردەوام دەبن لە پشتیوانیکردن لە خەباتی کورد و خەڵکی ئێران و ئەو پشتیوانییەش لە ھەموو بوارەکاندا پەرە پێ دەدەن.