کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بەڕێوەچوونی سیمیناری ٢ی ڕێبەندان لە سوید

17:04 - 9 رێبەندان 2722

ڕۆژی شەممە ڕێکەوتی ٨ی ڕێبەندانی ١٤٠١ی هەتاوی، لە شاری ستۆکهۆڵمی پێتەختی وڵاتی سوید، سیمینارێک بەبۆنەی ٢ی ڕێبەندان ٧٧ـەمین ساڵوگەڕی دامەزرانی کۆماری کوردستان بە بەشداریی سەدان کەس لە نوێنەرانی هێزە سیاسییەکان و بەشداریی پارلمانتارانی سویدی، بەڕێوە چوو.

سیمینارەکە بە سروودی نەتەوایەتیی ئەی ڕەقیب و خولەکێک بێدەنگی بۆ ڕێزگرتن لە گیانی پاکی شەهیدان دەستی پێ کرد.لە بڕگەی یەکەمی سیمینارەکەدا پەیامی کۆمیتەی سوید لەلایەن ئەبووبەکر ڕەحمانی، جێگری بەرپرسی کۆمیتەی سوید پێشکەش کرا .

لە پەیامەکەدا هاتبوو: كاتێک به‌ مێژووی پڕ له‌ هه‌وراز و نشێوی گه‌لی كورددا ده‌چینه‌وه‌، ده‌یان و سه‌دان ڕووداوی تێدایه‌ كه‌ تاجی شانازییان له‌سه‌ر مێژووی كورد ناوه‌، یه‌كێک له‌وانه‌، ڕاگه‌یاندنی كۆماری كوردستانه‌ له‌ دووی ڕێبه‌ندان، ئه‌و كۆماره‌ی پاش ٧٧ ساڵ هێشتا له‌ دیرۆكی سیاسیی ئێمه‌ی كورددا ڕه‌نگین و سه‌نگینه.

لە پانێلی یەکەمی سیمینارەکەدا دوکتور کوێستان گادانی، ئەندامی ڕێبەریی حیزب و بەرپرسی هەیئەتی بەڕێوەبەریی حیزب لە دەرەوەی وڵات، باسێکی ورد و زانستییانەی سەبارەت بە کۆماری کوردستان و نەخش و ڕۆڵی ژنان لە جووڵانەوەی ڕزگاریخوازانەی گەلی کورد و گرێدانەوەی شۆڕشی ژینا بە ئامانجەکانی کۆماری کوردستان پێشکەش کرد.

لە پانێلی دووەمدا دوکتور ئیدریس ئەحمەدی، ئەندامی ڕێبەریی حیزب و ماموستای زانکۆ، سەبارەت بە هەلومەرجی سیاسیی ئێران و کوردستان و شرۆڤەی سەرهەڵدان و شۆڕشی ژینا بۆ بەشداربووان قسەی کرد.

ناوبراو بە هێنانەوەی بەڵگەگەلێکی زانستی و هەڵسەنگاندن و لە بەرانبەر یەک ڕاگرتنی شۆڕش و سەرهەڵدانەکانی بەهاری عەرەبی و شۆڕشی ژینا و ئاماژەدان بە ئامار و داتاکان سەبارەت بە ئاڵوگۆڕ و نەمانی ٦٠ دیکتاتۆر، ئەم قۆناغە لە خەباتی گەلانی دانیشتووی جوغرافیای سیاسیی ئێرانی بەرز نەرخاند.

لە درێژەی سیمینارەکەدا ''فرێدریک ماڵم'' دۆستی دۆزی کورد و پارلمانتاری حیزبی لیبراڵی سوید بۆ بەشداربووان دوا. ناوبراو لەسەر پشتیوانیی جووڵانەی ڕزگاریخوازانەی گەلی کورد لە هەر چوار پارچەی کوردستان جەختی کردەوە.

جێگەی ئاماژەیە لە نێوئاخنی سیمینارەکەدا سروودی ''هەر دێمەوە'' لەلایەن جەماڵ فەتحییان، شێعرێک لەلایەن جەزا سەقزی و پارچە هەڵبەستێکی حیماسی لەلایەن کلسووم بەرزەکێو، پێشکەش کرا.