کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بەرزڕاگرتنی یادی کۆماری کوردستان لە ئەمریکا

10:54 - 10 رێبەندان 2722

کۆمیتەی حیزبی دێموکرات لە شاری"نەشویلـ"ـی ئەمریکا بەبۆنەی ساڵڕۆژی دامەزرانی کۆماری کوردستان، ڕێوڕەسمێکی بەڕێوە برد.

سەرلەئێوارەی ڕۆژی یەکشەممە ٩ی ڕێبەندانی ١٤٠١ی هەتاوی، بە بەشداریی کۆمەڵێکی بەرچاو لە ئەندامان و لایەنگرانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران  و نوينەرانی حیزبە سیاسی و بنکە کۆمەڵایەتی و کەلتوورییەکانی شاری نەشویل، لە ڕێوڕەسمێکدا یادی ٧٧ ساڵەی دامەزرانی کۆماری کوردستان بەرز ڕاگیرا.

ڕێوڕەسمەکە بە سروودی نەتەوایەتیی ئەی ڕەقیب و ساتێک بێدەنگی بۆ ڕێزگرتن لە گیانی پاکی شەهیدان دەستی پێ کرد، پاشان پەیامی کۆمیتەی حیزب لە نەشویل لەلایەن "حەسەن نازی" بەرپرسی کۆمیتەوە خوێندرایەوە.

لە بەشێک لەو پەیامەدا باس لە ڕۆڵی پێشەوا لە گواستنەوەی خەبات لە شکڵێکی کۆمەڵایەتی و ناوچەیی‌ بۆ فۆرمێکی مۆدێڕن و سەردەمیانە واتە دامەزراندنی حیزبی دێموکراتی کوردستان و هەروەها باس لە دەستکەوتەکانی کۆماری کوردستان کرا.

لە بەشێکی دیکەی ڕێوڕەسمەکەدا دوکتور "کرمانج گوندی"، مامۆستای زانکۆ لە نەشویل لەسەر ڕۆڵی فکری و فەلسەفیی کۆماری کوردستان و کەسایەتی و پێگەی پێشەوا و کاریگەریی ناوبراو لەسەر بزووتنەوەکانی کوردی لە پارچەکانی دیکەی کوردستان، باسێکی پێشکەش کرد.

لە بەشێکی دیکە لە ڕێوڕەسمەکەدا، چەند پەخشانێک لەلایەن بەڕێزان "محەممەد قەرەخدری و فەقێ گوڵاوی" و سروودێک لەلایەن محەمەدی ئەمجەدی، پێشکەش بە ئامادەبووان کران.