کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

دوو مامۆستای ئایینیی کورد لەلایەن هێزەکانی ڕێژیمەوە دەسبەسەر کران

14:39 - 10 رێبەندان 2722

ڕۆژی دووشەممە ١٠ی ڕێبەندان، مامۆستا لوقمان ئەمینی، پێشنوێژی مزگەوتی جامعەی ''چواریاری نەبیـ''ـی سنە و مامۆستا ئیبراهیم کەریمی نەنەڵە، پێشنوێژی مەزگەوتی جامعەی گوندی نەنەڵە لەلایەن هێزەکانی ئیتلاعاتی ڕێژیمی ئێران دەسبەسەر کران.

ئەو دوو مامۆستا کوردە بەبێ بەڵگەی یاسایی لە جادەی سنە- مەریوان دەسبەسەر کراون و دواتر بۆ شوێنێکی نادیار ڕاگوێزراون.

هێزە ئیتلاعاتییەکانی ڕێژیم لە سنە، دوای دەسبەسەرکردنی مامۆستا ئیبراهیم کەریمی، هەڵیانکوتاوەتە سەر ماڵی ناوبراو و ماڵەکەیان پشکنیوە.

پێش لە دەسبەسەرکردنی مامۆستا ئیبراهیم کەریمی، ناوبراو بەهۆی پشتیوانی لە ڕاپەڕینی خەڵک دژی ڕێژیمی ئێران بۆ ڕۆژانی ١٦ و ١٨ی ڕێبەندان بۆ دادگای ڕووحانییەتی هەمەدان بانگ کراوە.

هەتا کاتی بڵاوبوونەوەی ئەو هەواڵە لە هۆکاری دەسبەسەرکردن و چارەنووسی ئەو دوو مامۆستا کوردە زانییارییەک لەبەر دەستدا نییە.

لە کاردانەوە بە دەسبەسەرکردنی مامۆستا لوقمان ئەمینی و مامۆستا ئیبراهیم کەریمی نەنەڵە، بانگەوازێک ڕوو بە خەڵکی سنە بڵاو کراوەتەوە کە خەڵک ئەمشەو لە مزگەوتی چواریاری نەبیی سنە بۆ پشتیوانی لەو دوو مامۆستایە کۆ ببنەوە.