کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

سێ مامۆستای ئایینی بەهۆی پشتیوانیکردنیان لە ڕاپەڕین، لەلایەن ئیتلاعاتەوە بانگ کران

09:54 - 11 رێبەندان 2722

پاش ئەوەیکە مامۆستایانی ئایینیی بەهەڵوێستی کوردستان پشتیوانیی خۆیانیان لە ڕاپەڕینی گەلانی ئێران، بەتایبەتی کوردستان دەربڕی، ئێستا ڕێژیم بە بیانووی جۆراجۆر دەسبەسەریان دەکات و سزایان دەدات.

ڕۆژی دووشەممە ١٠ی ڕێبەندانی ١٤٠١ی هەتاوی، هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتی ڕێژیم لە شاری پیرانشار، مامۆستا فارۆق یووسفی، پێشنوێژی گوندی "کەڵەکین" و مامۆستا ئەسعەد حەسەنی، پێشنوێژی گوندی "خورینجـ"ـیان بانگی ئیدارەی ئیتلاعات کرد و لێکۆڵینەوەیان لێ کردن.

هاوکات لەگەڵ بانگکردنی ئەو دوو مامۆستا ئایینییە، مامۆستا ڕەسووڵ ئەحمەدنژاد، پێشنوێژی گوندی "باڵقچیـ"ـی شاری نەغەدە، بانگی ئێدارەی ئیتلاعات و لێکۆڵینەوەی لێ کرا.

هەر لەو پێوەندییەدا و لە هەمان ڕۆژدا دوو مامۆستای ئایینیی خەڵکی سنە بە ناوەکانی مامۆستایان "لوقمان ئەمینی و ئیبراهیم کەریمی" لە جادەی سنە- مەریوان لەلایەن هێزەکانی ئیتلاعاتی ڕێژیمی ئێرانەوە دەسبەسەر کران.

هێزەکانی ڕێژیم بەردەوامن لە دژایەتیکردنی کەسایەتییە ئایینییەکانی کوردستان و تەنیا لەبەر ئەوەیکە مامۆستایانی ئایینیی نیشتمانپەروەر پشتیوانییان لە ڕاپەڕینی خەڵکی کوردستان کردووە، دەسبەسەریان دەکەن و سزای قورسیان بەسەردا دەسەپێنن.