کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

دۆخی نالەباری بومەلەرزەلێدراوانی شاری خۆی بەهۆی دابەزینی پلەکانی گەرماوە

10:33 - 11 رێبەندان 2722

سەرەڕای تێپەڕینی سێ ڕۆژ لە بومەلەرزەکەی شاری خۆی، خەڵکی بومەلەرزەلێدراوی ئەو شارە لە دۆخێکی زۆر نالەباردان و تەنانەت دەستیان بە خۆراک، پەتوو، ئاو و خێوەت ڕاناگات.

بەپێی ڕاپۆرتی ڕۆژنامەی ئینتێرنێتیی "فەراز" کە ڕۆژی دووشەممە ١٠ی ڕێبەندان بڵاو بووەتەوە، بەهۆی ناکارامەیی بەرپرسانی کۆماری ئیسلامییەوە لە شاری خۆی، خەڵکی بومەلەرزەلێدراوی ئەو شارە لە بارودۆخێکی نالەباردا بەسەر دەبەن، پێداویستییە سەرەتاییەکانیش لەلایەن بەرپرسانەوە بە شێوەیەکی نادادپەروەرانە دابەش دەکرێن و تەنانەت زۆربەی هاووڵاتییان کەرەستەی گەرمکەرەوە و خۆراکیان پێ‌ نەگەیشتووە.

هەروەها بەپێی گرتە ڤیدیۆیەک کە بڵاو بووەتەوە، چەند کەس لە خەڵکی بومەلەرزەلێدراوی خۆی دەڵێن: "دەستمان بە کەرەستەی گەرمکەرەوە و خۆراک ڕاناگات و کاتێک ناڕەزایەتیمان دەربڕی، فەرمانداری خۆی لە وڵامدا وتی کە کێشە و گرفتەکانتان پێوەندیی بە منەوە نییە."

جێگەی ئاماژەیە کە بەپێی ڕاپۆرتەکانی کەشناسی، پلەکانی گەرما لە چەند ڕۆژی داهاتوودا بۆ ٧ پلە ژێر سفر دادەبەزێت و خەڵک پێویستیان بە خێوەت و گەرمکەرەوە هەیە.

لە گرتە ڤیدیۆیەکی تردا خەڵک دەڵێن: "ئێمە دەستمان بە هیچ شوێنێک ڕاناگات، بومەلەرزە نامانکوژێت، بەڵام سەرما دەمانکوژێت."

بەهۆی ناکارامەیی بەرپرسانی ڕێژیم و نەبوونی کەرەستەی پێویست وەکوو خێوەت لە گوندێکی نزیک شاری خۆی، ٨ بنەماڵە پێکەوە لە یەک خێوەتدا دەژین و بەرپرسانی ڕێژیم بە جێگەی ئەوەیکە یارمەتیی ئەو خەڵکە بدەن، بێڕێزییان پێ ‌دەکەن.