کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئاشکرابوونی ناسنامەی ٧ هاووڵاتیی دیکەی دەسبەسەرکراوی جوانڕۆ

12:13 - 16 بەفرانبار 2722

ناسنامەی ٧ هاووڵاتیی دیکەی دەسبەسەرکراوی شاری جوانڕۆ ئاشکرا بوو و بەوەش ژمارەی دەسبەسەرکراوان گەیشتووەتە ٢٨ کەس.

بەپێی ڕاپۆرتی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، لە ماوەی ڕۆژانی ڕابردوودا ٧ هاووڵاتیی دیکە بە ناوەکانی "ئالان وەیسی، ئێرشاد محەممەدی، ئاسۆ یاری، زانا سەحراگەرد، مەیسەم فەتحی، بەرزان ئیمامی و سەهەند ئاقایی" لە شاری جوانڕۆ، لە درێژەی دەسبەسەرکردنەکانی ڕێژیمی ئێران دەسبەسەر کراون و بەوەش ژمارەی دەسبەسەرکراوانی جوانڕۆ گەیشتووەتە ٢٨ کەس.

هێزە سەرکوتکەرەکانی کۆماری ئیسلامی لە شاری جوانڕۆ، لە درێژەی کردەوە جینایەتکارانەکانی خۆیاندا تا ئێستا ٢٨ هاووڵاتیی ئەو شارەیان دەسبەسەر کردووە کە زۆربەیان شوێنی ڕاگرتنیان نادیارە و هیچ زانیارییەک لەسەر چارەنووسیان لەبەر دەست‌دا نییە.

 لەنێو ئەو دەسبەسەرکراوانەدا مێرمنداڵی خوار تەمەن ١٨ ساڵان هەیە کە شوێنی ڕاگرتنی دیار نییە و هیچ زانیارییەکیان بە بنەماڵەکەی نەداوە.

جێی ئاماژەیە کە ئەو ٢٨ کەسە کە لەلایەن هێزە داگیرکەرەکانی ڕێژیمەوە دەسبەسەر کراون، دوای ئەوەیە کە لە خۆپیشاندانەکانی ئەو دواییانەدا هاووڵاتییەک بە ناوی بورهان ئەلیاسی شەهید کرا.