کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

دەسبەسەرکردنی سەرئاشپەزێکی بەناوبانگی خەڵکی تاران لەلایەن ڕێژیمەوە

12:15 - 16 بەفرانبار 2722

هێزە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیم لە شاری تاران هەڵیانکوتایە سەر شوێنی کاری "نەواب ئیبراهیمی" سەرئاشپەزی بەناوبانگی ئێرانی و دەسبەسەریان کرد.

بەپێی هەواڵی هەواڵدەرییەکان، ڕۆژی پێنجشەممە ١٥ی بەفرانباری ١٤٠١ی هەتاوی، هێزە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیمی ئێران لە تاران هەڵیانکوتاوەتە سەر شوێنی کاری نەواب ئیبراهیمی و دەسبەسەریان کردووە، بە تاوانی ئەوەیکە کە ناوبرا فێرکاری دروستکردنی خواردنێکی ئێرانی بە ناوی "میرزا قاسمی و کۆتلێتـ"ـی لەسەر تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئینستاگرام بڵاو کردووەتەوە و ڕێژیم پێی وایە لە ساڵڕۆژی کوژرانی تێرۆریست قاسم سولەیمانی ئەو کارەی دژی کۆماری ئیسلامی کردووە.

نەواب ئیبراهیمی، سەرئاشپەزی بەناوبانگی ئێران، لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئینستاگرام هەوادارێکی زۆری هەیە و فێرکاریی خواردنی ئێرانی بڵاو دەکاتەوە و لە ساڵڕۆژی کوژرانی قاسم سولەیمانی، فێرکاریی خواردنی "کۆتلێت و میرزا قاسمیـ"ـی بڵاو کردووەتەوە و ئەوەش کۆماری ئیسلامیی تووڕە کردووە، بۆیە هێزە سەرکوتکەرەکان هەڵیانکوتاوەتە سەر شوێنی کارەکەی و دەسبەسەریان کردووە.