کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

دیداری وتەبێژی حیزبی دێموکرات لەگەڵ دوو کەسایەتیی نێودەوڵەتی

10:54 - 22 رێبەندان 2722

کاک خالید عەزیزی، وتەبێژی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، لە درێژەی دیدار و چاوپێکەوتنەکانی لەگەڵ کەسایەتی، ڕێکخراو، بنکە و بونیادە جۆراجۆرە جیهانییەکان، لە واشنگتۆن لەگەڵ دوو کەسایەتیی نێودەوڵەتی کۆ بووەوە.

وتەبێژی حیزبی دێموکرات، لەگەڵ خاتوو "فیۆنا بروس"، پارلمانتاری پێشووی بریتانیا و نێردەی تایبەتی سەرۆکوەزیرانی ئەو وڵاتە بۆ ئازادیی باوەڕ و ئایین و پارێزەری مافەکانی مرۆڤ و هەروەها لەگەڵ "جان فیگەڵ"، نوێنەری پێشووی یەکیەتیی ئورووپا بۆ ئازادیی باوەڕ و ئایین و ئەندامی کۆمیساری یەکیەتیی ئورووپا بۆ پەروەردە، ڕاهێنان، ڕۆشنبیری و لاوان، کۆ بووەوە.

کاک "خالید عەزیزی" لەو دیدارانەدا سەبارەت بە پرسەکانی مافی مرۆڤ و پێشێلکردنی ئازادیی نەتەوە ژێر ستەمەکان لە ئێران دوا و لەبارەی ڕێژەی زۆری بەندکراوانی سیاسی و ئایینیی کورد و مەترسیی ئێعدامکردنی بەشێکیان لەلایەن دەسەڵاتدارانی تارانەوە زانیاریی بەو دوو کەسایەتییە نێودەوڵەتییە پێشکەش کرد.

ناوبراو داوای لەو دوو کەسایەتییە نێودەوڵەتییە کرد کە بە هاوکارییە هاوبەشەکانیان لە جیهان بە گشتی و لە یەکیەتیی ئورووپا بە تایبەتی، گوشاری هەمەلایەنە بخەنە سەر ڕێژیمی ئێران، تاکوو دەست لەو پێشێلکارییانە هەڵبگرێت.

لە بەشێکی دیکەی ئەو دیدارانەدا پرسی پەنابەران و مەترسیی بەردەوامی هێرشەکانی تاران بۆ سەر کوردستان و  پێویستیی ڕێگریکردن لەو هێرشانە باسیان لێ کرا.

دوو لایەن وێڕای دەربڕینی خۆشحاڵیی خۆیان بۆ ئەو دیدارانە، باسیان لە بەرپرسایەتی و ئەزموونەکانی خۆیان لەو بوارانەدا کرد و وتیان، ئەو باسانە جێگای بایەخی ئەوانن و خوازیار بوون ئەو دیدار و چاوپێکەوتنانە بەردەوام بێت.

لەم دیدارانەدا، ڕەحیم ڕەشیدی، ئەندامی ئەنستیتۆتی گوڵد بۆ ستراتیژیی نێونەتەوەیی، هاوڕێیەتیی وتەبێژی حیزبی کرد.