کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

زارا محەممەدی دوای زیاتر لە ساڵێک زیندانی، ئازاد کرا

11:17 - 22 رێبەندان 2722

زارا محەممەدی، مامۆستای زمانی کوردی و ئەندامی ئەنجومەنی فەرهەنگی- کۆمەڵایەتیی ''نۆژین'' کە لە "کانوونی ئیسڵاح و تەربییەتـ"ـی ڕێژیم لە سنە زیندانی کرابوو، بە وتەی خۆی ئێوارەی دوێنێ بەبێ ئاگاداربوونی خۆی و پارێزەرەکەی دەر کراوە و ئەمە لە کاتێکدایە کە سزای پێنج ساڵ بەندکردنی بەسەردا سەپێندرابوو.

زارا محەممەدی، لە گرتەیەکی ڤیدیۆییدا لە لاپەڕەی ئینستاگرامی خۆی ڕایگەیاند کە بەبێ ئاگادارکردنەوەی خۆی، بنەماڵەکەی، پارێزەر و هاوڕێیان و ئەندامانی نۆژین، کاتژمێر ٧ی ئێوارەی ڕۆژی هەینی ٢١ی ڕێبەندان، بەبێ ئەوەیکە داوای لێبووردنی کردبێت، بە شێوەی بەپەلە و لە ماوەی ٥ خولەكدا لە زیندان دەر کراوە.

ناوبراو وتوویەتی: "پێشتر هەم خۆم بە بەندیخانەم ڕاگەیاندبوو هەم لە ڕێگەی پارێزەکەمەوە بە دەزگای دادوەریم راگەیاندبوو کە بە هیچ شێوازێک داخوازیی لێبووردن پێشکەش ناکەم و ئەم داخوازییەم قەبووڵ نییە، چونکە باوەڕم بە ڕاستیی ڕێگاکەم هەیە".

زارا لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا دەڵێت: "من باوەڕم بە ڕێگە و بیرەکانم هەیە و تا کۆتایی ژیانم درێژەدەری بیر و ڕێگە و ئامانجەکەمم."