کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بەڕێوەچوونی چەندین خۆپیشاندان لە دەرەوەی وڵات دژی ڕێژیمی ئێران

09:58 - 23 رێبەندان 2722

دژبەرانی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە دەیان وڵاتی جیهان دژی دەسەڵاتی ئەو ڕێژیمە کۆبوونەوەی ناڕەزایەتییان بەڕێوە برد و داوای ڕووخانی ڕێژیمی ئێرانیان کرد.

پاش بانگەوازێکی جیهانی بە مەبەستی ڕووخانی کۆماری ئیسلامیی ئێران، ڕۆژی شەممە ٢٢ی ڕێبەندان، هاوکات لەگەڵ ساڵڕۆژی دامەزرانی کۆماری ئیسلامی، گەلانی ئێران لە وڵاتانی "ئوسترالیا، نیوزیلەند، سوید، فەرانسە، ئیتالیا، تورکیە، ئاڵمان، ئۆتریش، دانمارک، بریتانیا، نۆروێژ، ئیسپانیا و بوڵغارستان" و زۆربەی وڵاتانی دیکەی جیهان، بە بەڕێوەبردنی خۆپیشاندان دژی ڕێژیم، داوای ڕووخانی کۆماری ئیسلامیی ئێرانیان کرد.

فەرانسە یەکێک لە سەرەکیترین ناوەندەکانی خۆپیشاندان دژی کۆماری ئیسلامیی ئێران بوو. کوردستانییان و ئێرانییەکانی دانیشتووی وڵاتانی ئورووپایی لە پاریسی پێتەختی ئەو وڵاتە کۆ بوونەوە و ڕایانگەیاند کە ڕاپەڕینی چەند مانگی ڕابردووی گەلانی ئێران دژی دەسەڵات تەنیا دەسپێکێک بۆ ڕووخانی دەسەڵات بووە و تا ڕووخانی ئەو دەسەڵاتە دیکتاتۆرە، گەلانی ئێران کۆڵ نادەن.

عەلیڕەزا ئاخوندی، نوێنەری پارلمانی سوید، لە خۆپیشاندانەکانی پاریس وتی: ٤٤ ساڵ پێش ئێستا لەم شارە ڕووداوێکی ناخۆش ڕووی دا و دیکتاتۆر و خوێنمژێک بوو بە ڕێبەری ئێران، ئێستا و لەم ڕۆژەدا هەموو گەلانی ئێران لە دەرەوەی وڵات و نێوخۆ، یەکدەنگ و یەکگرتوو دەمانهەوێت ئەو دەسەڵاتە بڕووخێنین.