کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بەڕێوەچوونی خۆپیشاندانێک لە کانادا بە مەبەستی پشتیوانیکردن لە گەلانی ڕاپەڕیوی ئێران

11:45 - 23 رێبەندان 2722

ڕۆژی شەممە ٢٢ی ڕێبەندانی ١٤٠١ی هەتاوی، وەکوو هەموو شەممەیەک لەلایەن كورد و نەتەوەكانی دیكەی ئێران و نیشتەجێ لە وڵاتی کانادا، خۆپیشاندانێک بە مەبەستی پشتیوانیکردن لە شۆڕشی ژینا بەڕێوە چوو و كۆمیتەی حیزبی دێموكراتی كوردستانی ئیران لە بەڕێوەبەرانی ئەو خۆپیشاندانە بوو.

لەو خۆپیشاندانەدا پەیامی کۆمیتەی حیزبی دێموکرات لەلایەن "فائیزە نەوزاد" خوێندرایەوە. ناوبراو لە پەیامەکەیدا باسی لە توندوتیژی و ڕفاندنی لاوانی ئێران و کوردستان لەلایەن هێزە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیمەوە کرد، هەروەها داوا لە وڵاتانی جیهان بە گشتی و دەوڵەتی کانادا بە تایبەتی کرا کە سپای پاسدارانی ڕێژیمی ئێران بخەنە لیستی ڕێکخراوە تێرۆریستییەکانەوە.

ئەمجارە خۆپیشاندانەکەی کانادا هاوکات بوو لەگەڵ ساڵڕۆژی شۆڕشی گەلانی ئێران لە  ٢٢ی ڕێبەندانی ١٣٥٧ی هەتاوی، بۆیە جەماورێكی زۆر بەشدارییان كرد و دژی کۆماری ئیسلامی دروشمیان وتەوە.

لەو خۆپیشاندانەدا تیپێکی مۆسیقای وڵاتی ژاپۆن بۆ پشتگیری لە شۆڕشی ژن ژیان ئازادی بە بەرنامەیەكی تایبەت بەشدارییان كرد، هەروەها شانۆیەک لەسەر چۆنیەتیی لەسێدارەدانی ئازادیخوازان لە ئێران لەلایەن گرووپی" ئاڵ‌جی‌بی‌تی" پێشکەش بە بەشداربووان کرا.