
ڕۆژی شەممە ٢٢ی ڕێبەندانی ١٤٠١ی هەتاوی، لە شاری ڤییەنی پێتەختی وڵاتی ئۆتریش، لەلایەن چەند ڕێکخراوێکی کوردستانی، ئێرانی و ئۆتریشییەوە گردبوونەوەیەک لەژێر "ناوی هاوسۆزییەکی نێونەتەوەیی دژە فاشیستی لەگەڵ شۆڕشی گەلانی ئێران" بەڕێوە چوو.
سەرەتا بەڕێوەبەری گردبوونەوەکە لەسەر شۆڕشی دژە فاشیستی، دژە سەڵتەنەتی، دێموکراسیخوازی و دادپەروەریخوازیی گەلانی ئێران لە ساڵی ١٣٥٧ و مەبەست لە بەڕێوەچوونی گردبوونەوەکە، وتارێکی پێشکەش کرد و هەروەها کۆمەڵێک ڕێکخراو لەو گردبوونەوەیەدا بەشدار بوون و وتاریان پێشکەش کرد .
لەلایەن دوکتور جەواد دانشپەژوو، بە نوێنەرایەتیی ناوەندی هاوکاریی حیزبەکانی کوردستانی ئێران وتارێک بە زمانی ئاڵمانی پێشکەش کرا. ناوبراو لە وتارەکەیدا سەرەڕای ئاماژەدان بە مێژووی چەوسانەوەی گەلی کورد و پێشێلکرانی مافەکانی خەڵکی کوردستان و هەوڵ بۆ سڕینەوەی ناسنامەی کورد لەلایەن داگیرکەرانی کوردستانەوە، هاتە سەر باسی شۆڕشی ساڵی ١٣٥٧ و لەو پێوەندییەدا ئاماژەی بە فەرمانی جیهادی خومەینی، بە گوێرەی ئاماری باوەڕپێکراو ئاماژەی بە لەسێدارەدانی لاوانی کوردستان، قەڵاچۆکردنی گوندەکانی کوردستان، تێرۆری ڕێبەرانی ئۆپۆزیسیۆنی ئێرانی بە گشتی و بە تایبەت ڕێبەرانی بزووتنەوەی کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان کرد.
هەروەها بەشێکی بەرچاو لە کوردەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و بەشەکانی تری کوردستان بە ئاڵای کوردستانەوە لە گردبوونەوەکەدا بەشدار بوون، سروودی کوردی بڵاو کرانەوە و بەشێکی زۆر لە بەشداربووان لە وتارەکانیاندا ئاماژەیان بە خەباتی خەڵکی کوردستان دژی کۆماری ئیسلامی و بۆ ئازادی و دادپەروەری کرد.