کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

خالید عەزیزی: دەبێ هەوڵ بدرێت ڕێژیمی ئێران لە ناوەندەكانی مافی مرۆڤ و نەتەوە یەكگرتووەكان دەر بكرێت

15:48 - 23 رێبەندان 2722

کاک خالید عەزیزی، وتەبێژی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، لە درێژەی دیدار و چاوپێکەوتنەکانی لەگەڵ کەسایەتی، ڕێکخراو، بنکە و بونیادە جۆراجۆرە جیهانییەکان، لە واشنگتۆن لەگەڵ دوو دامەزراوەی ئەمریکایی کۆ بووەوە.

وتەبێژی حیزبی دێموکرات، لەگەڵ دوکتور "کاترینا لانتۆس سویت"، سەرۆکی دامەزراوەی لانتۆس بۆ مافەکانی مرۆڤ و دادپەروەری و هەروەها لەگەڵ دوكتور "کریستین سیکوێنزیا"، هاوسەرۆکی هەڵمەتی مێزی دەورەیی لووتكەی ئازادیی ئایین بۆ نەهێشتنی یاساکانی پێشێلكردنی مافی مرۆڤ، کۆ بووەوە.

کاک خالید عەزیزی لەو دیدارانەدا سەبارەت بە پرسەکانی مافی مرۆڤ و پێشێلکردنی مافی نەتەوەکانی ژێر ستەم لە ئێران قسەی كرد و لەبارەی ڕێژەی زۆری بەندکراوانی سیاسی و ئایینیی کورد و مەترسیی لەسێداردانی بەشێکیان لەلایەن دەسەڵاتدارانی تارانەوە، زانیاریی پێشکەش کرد.

وتەبێژی حیزب داوای لەو دوو کەسایەتییە کرد کە لە ڕێگای بڵاوكردنەوەی ڕاپۆرت و قسەكردن لەگەڵ ناوەندەكانی مافی مرۆڤ لە ئاستی جیهان، گوشاری هەمەلایەنە بخەنە سەر ڕێژیمی ئێران تاکوو دەست لەو پێشێلکارییانە هەڵبگرێت و هەوڵ بدرێت ڕێژیمی ئێران لە ناوەندەكانی مافی مرۆڤ و نەتەوە یەكگرتووەكان دەر بكرێت. 

لە بەشێکی دیکەی ئەو دیدارانەدا پرسی پەنابەران و مەترسیی بەردەوامی هێرشەکانی تاران بۆ سەر کوردستان و پێویستیی پێشگرتن بەو هێرشانە قسەیان لەسەر کرا.

دوو لایەن سەبارەت بە هەنگاونان بۆ كۆمەڵێک پرۆژە و كاری هاوبەش لە ئاستی ئەمریكا و جیهان، گرێدراو بە پرسەكانی مافی مرۆڤ لە ئێران و كوردستان، ئاڵوگۆڕی بیروڕایان كرد.

لەم دیدارانەدا، ڕەحیم ڕەشیدی، ئەندامی ئەنستیتۆتی گوڵد بۆ ستراتیژیی نێونەتەوەیی، هاوڕێیەتیی وتەبێژی حیزبی کرد.